نەخۆشخانەیەکی گەڕۆکی ئێران لە سنووری نێوان سووریا و لوبنان بۆردوومان کرا

10-10-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران دەڵێت، ئەو نەخۆشخانە گەڕۆکەی لەسەر سنووری لوبنان و سووریا بۆ هاوکاریکردنی برینداران کرابووەوە، لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا. گوتیشی، ''بەهۆی بۆردوومانەکەوە بە تەواوی سووتا و کۆگەیەکی دەرمانیش لەنێوچوو".
 
شەوی پێنجشەممە 10-10-2024، پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، ئەو نەخۆشخانە گەڕۆکەی لە سنووری نێوان لوبنان و سووریا دروستکرابوو و چارەسەر و دەرمانی دەگەیاندە هاووڵاتییانی لوبنانی، لە بۆردوومانێکی ''رژێمی زایۆنی''ـدا سووتا و بە تەواوی لەنێوچوو.
 
پیرحوسێن کۆلیوەند گوتی، نەخۆشخانەکە 56 قەرەوێڵەیی بووە و ''بەداخەوە کۆگەیەکی دەرمانیش بەهۆی بۆردوومانەکەی شەوی رابردووی رژێمی زایۆنییەوە لەنێوچوو".
 
سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هێرشکردنە سەر شوێنە گشتییەکان بەتایبەتی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان قەدەخەیە و ئێمە بە ناردنی نووسراوی فەرمی بۆ بەرپرسانی فیدراسیۆن و لیژنەی نێودەوڵەتیی رێکخراوی مانگی سوور، بابەتەکە رادەگەیێنین و داوای سەرکۆنەکردنی رژێمی زایۆنیش دەکەین".
 
پیرحوسێن کۆلیوەند بەبێ ئاماژەدان بە زیانی گیانیی بۆردوومانەکە گوتی، هەر لەو رێگەیەوە بە فەرمی سکاڵا لەسەر ئیسرائیل تۆمار دەکەن.
 
لە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل هێرشی چڕی کردووەتە سەر باشووری بەیرووت، کە بە مەڵبەندی حیزبوڵڵا دادەنرێت. بە گوێرەی تەندروستیی لوبنان، لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە دوو هەزار کەس لەو وڵاتە کوژراون و ملیۆنێک و 200 هەزار کەسی دیکەش ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە