رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ورمێ دەستگیرکرا. سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەڵێت، لە "یەکێک لە شارەکانی باکووری ئێران خۆی شاردبووەوە."
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، محەممەد حەزرەتپوور، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ورمێ، کە پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرابوو، دەستگیرکرا.
ناسر عەتەباتی گوتی، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی محەممەد حەزرەتپوور کراون، بریتین لە گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی و رێگەگرتن لە جێبەجێکردنی یاسا.
بە گوتەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ورمێ لە یەکێک لە شارەکانی باکووری ئێران خۆی شاردبووەوە، بەڵام ''بە هاوئاهەنگیی ناوەندە ئەمنییەکان شوێنەکەی دۆزرایەوە و دوای دەستگیرکردنی، گوێزرایەوە بۆ زیندان.''
جگە لەو بڕیارەی تایبەت بە سەرۆکی شارەوانی ورمێ، 80 کەسی دیکە لە بەرپرسان و کارمەندانی شارەوانی و هەروەها پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە لە کۆتایی ساڵی 2020دا دەستگیر کران، ئەوەش بە تۆمەتی گەندەڵی.
بەگوتەی ناسر عەتەباتی، "تاوانباران"ی دیکەی دۆسیەکە بەپێی ئاستی بەشدارییان لە گەندەڵییەکە بە زیندانیکردن، دوورخستنەوە لە کار و پۆستە حکومییەکان، سزای دارایی و هەروەها گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵک بۆ حکومەت سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ