گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیسی ئێران و پۆلیسێک کوژرا

10-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی پۆلیس لە شاری راسکی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، پۆلیسێک کوژرا.
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2024 لە شاری راسکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی پۆلیسی دارستانی ئەو شارە و لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئەو چەکدارانەدا رووبەڕووبوونەوەیەکی تووند روویداوە.
 
سەلیم کەدخودا، قایمقامی شاری راسک رایگەیاند، شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و ئەو گرووپە چەکدارەدا نزیکەی سێ کاژێری خایاندووە و لە شەڕەکەدا پۆلیسێک بەناوی ئەمیرحوسێن حوسێن ئابادی کوژراوە.
 
سەلیم کەدخودا گوتی، "لە کاژێر 01:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆوە رووبەڕووبوونەوەیەکی تووندی چەکداری لەنێوان هێزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستانی راسک و کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو دەستیپێکرد و دوای سێ کاژێر لە شەڕکردن، ئەو چەکدارانە نەیانتوانی بچنە ناو بنکەی پۆلیس و هەڵاتن."
 
قایمقامی شاری راسک دەڵێت، دوای هێرشەکە هێزەکانی پۆلیس بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە ناوچەکە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو چەکدارانە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئیتڵاعاتی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لە شاری بەمپووری ئەو پارێزگایە، چەکدارێکیان کوشتووە و چەکدارێکیش دەستگیرکراوە، کە دەستیان لە هێرشەکەی مانگی رابردوودا بۆ سەر بارەگایەکی پۆلیسی شاری راسک هەبووە کە بووە هۆی کوژرانی 11 پۆلیسی ئەو وڵاتە.
 
رۆژی هەینی 15-12-2023، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پۆلیس لە شاری راسکی پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، 11 پۆلیس کوژران و 8 پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.
 
دواتر گرووپی جەیشولعەدل، کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لەئەستۆ گرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە