رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ئێران رایگەیاند، هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و شاری وان لە باکووری کوردستان دەستیپێکرد.
ناسر بەختیاری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گواستنەوەی هێڵی ئاسنی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، دوای پێنج ساڵ هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و شاری وان لە باکووری کوردستان دەستیپێکردەوە.
بە گوتەی ناسر بەختیاری، "دوای پێنج ساڵ وەستان، رۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی بەڕیوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسنی ئێران و بەشێک لە بەرپرسانی دیکە، گەشتەکانی شەمەندەفەر لە نێوان تاران و شاری وان دەستیپێکرد و یەکەمین شەمەندەفەر لە تارانەوە بەرەو شاری وان بەڕێکەوت."
بەختیاری گوتی، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ لایەنی تورکیا کراوە، هەفتانە چوار گەشتی شەمەندەفەر لەنێوان تارانی پایتەخت و شاری وان دەبێت، دوویان لە تارانەوە بۆ وان و دوو گەشتی دیکەی پێچەوانە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی هێڵی ئاسنی ئێران، "رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە شەمەندەفەر لە تارانەوە بەرەو وان دەڕوات و رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممەش، لە وانەوە بەرەو تاران."
ناسر بەختیاری روونیشیکردەوە، "بە لەبەرچاوگرتنی رێکارە یاساییەکان لە دەروازەی سنووری رازیی خۆی و کاپیکۆی وان، ماوەی هەر گەشتێکی شەمەندەفەر لەنێوان تاران و شاری وان، 22 کاژێر دەخایێنێت و لە هەر گەشتێکدا 280 کەس دەتوانن گەشت بکەن."
پێشتر رۆژی چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، جەبار عەلی زاکری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسنی ئێران رایگەیاندبوو، "لە رۆژی 9ـی ئاداری ئەم ساڵ هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان شارەکانی تاران و وان دەستپێدەکاتەوە و ئەگەر پێشوازی باش بێت، لە قۆناخی دووەمدا شەمەندەفەرەکە بەرەو ئەنقەرە و ئەستەنبووڵ بەردەوام دەبێت."
هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تاران - وان لە هاوینی 2020دا دەستیپێکرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە وەستێندرا.
وان شارێکی باکووی کوردستانە و لەگەڵ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورە. لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە ناوەندێکی گەشتیاری و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە رووی تێدەکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، لە ساڵی 2024دا 3.2 ملیۆن گەشتیاری ئێرانی سەردانی تورکیایان کردووە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 30.9% زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ