رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی رایگەیاند، "ئێران پێشانی داوە ئیرادە و توانای رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەکی هەیە و ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ هەڕەشەیەک."
محەممەدجەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە بارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "گەلی ئەمریکا بە زۆربەی موسڵمانەکانیشەوە بە روونی دژایەتی خۆیان بۆ ساڵێکی شەرمەزارکەری هاوبەشیکردنی ئەمریکا لە تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە و کۆمەڵکوژییەکانی لوبنان پێشاندا."
زەریف هیوای خواست، ئیدارەی نوێی ترەمپ و ڤانس بەڵێنەکانیان سەبارەت بە دوورکەوتنەوە لە شەڕەکان جێبەجێ بکەن و ئەو وانە گرنگەیان لەبیربێت کە گەلی ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕەکان و ڕێگریکردن لە شەڕی نوێ فێری کردوون.
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی هەروەها دەڵێت: "ئێران پێشانی داوە کە ئیرادە و توانای رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەکی هەیە و ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ هەڕەشەیەک، بەڵام گرنگی بە رێزگرتن دەدات."
رۆژی 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، رکابەریی لە نێوان کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بوو. ترەمپی کۆماری توانی دەنگی 295 نوێنەر بباتەوە، لە بەرامبەردا کالاما هاریس 226 نوێنەری بردەوە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەمریکا، هەر بەربژێرێکی سەرۆکایەتی پێویستیی بە 270 دەنگی نوێنەرە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ