رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت لە بەشێکی زۆری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند پارێزگایەکی ئێران باران ببارێت. لە پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام و کرماشانیش بایەکی بەهێز دەبێت.
کەشناسی ئێران بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت باران لە بەشێکی زۆری پارێزگای ورمێ، بەتایبەتی باکووری پارێزگاکە باران ببارێت؛ هەروەها پێشبینی دەکرێت باران لە پارێزگاکانی تەورێز، ئەردەبیل و مازندەرانی ئێران ببارێت و لە هەندێک شوێنیش مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە.
کەشناسیی ئێران باس لەوە دەکات، بەهۆی ئەگەری بارانی زۆرەوە لەو پارێزگایانە، پێویستە هاووڵاتیان لە رووبار و بەنداوەکان دووربکەونەوە و نەچنە ناوچە شاخاوییەکان.
هەر بەگوێرەی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت بایەکی بەهێز بەشێکی زۆری پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام و کرماشان بگرێتەوە و بۆ چەند رۆژێک بەردەوام بێت.
لە پارێزگاکانی تاران، قووم، مەرکەزی، هەمەدان، ئەسفەهان، خوراسانی باشوور، کرمان، سیستان و بەلووچستان و خوزستانی ئێرانیش بۆ دوو رۆژ خۆڵبارین دەبێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی هۆشدارییەکانی کەشناسی، تیمەکانیان لە 16 پارێزگای وڵات خراونەتەوە ئامادەباشییەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەندێک ناوچەی ئێران شەپۆلێکی گەرما دەستیپێکردووە، بە جۆرێک پلەی گەرما رۆژی یەکشەممە لە شاری شەهدادی پارێزگای کرمان 49 پلەی سیلیزی و لە شاری دزفولی پارێزگای خوزستان 48 پلەی سیلیزی بوو و گەرمترین شارەکانی ئەو وڵاتە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ