رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران، رووداو و ئاڵۆزییەکانی ئەم چەند رۆژەی سووریا وەکو "راپەرینی خەڵک لە دژی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە" وەسف دەکەن و دەڵێن، پێکدادانەکان لە ناوچە کەناراوەکانی سووریا بەهۆی توڕەیی دانیشتووانی ناوچەکەیە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێ. ئاماژە بەوەش دەکەن، لە دژی سیاسەتەکانی حکومەتەکەی جۆلانی، چەندین گرووپی چەکداری نوێ لە سووریا دامەزراون.
ئاژانسی ئیسنا
ئاژانسی نیمچە فەرمیی ئیسنا دەڵێت، رووداوەکانی ناوچەی کەناراوەکانی سووریا و شەڕ و پێکدادانی تووندی چەکداری لە نێوان هێزەکانی حکومەتی نوێ و چەکدارانی دژی حکومەت لەو ناوچەیە، بەهۆی توڕەیی دانیشتووانی ناوچەکەیە بەرامبەر سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی گرووپی تەحریر شام.
ئاژانسەکە دەڵێت، ئەوەی لە ئێوارەی پێنجشەممە شەشی ئاداری 2025ـەوە لە ناوچەی کەناراوەکانی سووریا روویدا، زۆر جیاوازە لە رووداوەکانی دیکەی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، چونکە ئەمجارە بە شێوەیەکی تەواو هاوئاهەنگ هێرش کرایە سەر هێزەکانی حکومەتی نوێی دیمەشق.
بەپێی راپۆرتی ئەو ئاژانسە، هەرچەندە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع ناسراو بە 'ئەبو محەممەد جۆلانی' هەوڵیدا بە شێوەیەکی جیاواز دەربکەوێت و باسی ئاشتەوایی نیشتمانی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو سووریاییەکان دەکرد، بەڵام پێشهاتە مەیدانییەکان رووخساری راستەقینەی جۆلانییان دەرخستەوە.
دەشڵێت: هێزەکانی حکومەتی نوێ لە ناوچە کەناراوەکانی سووریا و لە دژی عەلەوییەکان دەستیان بە هەڵمەتێکی تووندی سەرکوتکردن کردووە و ئەمەش ناڕەزایەتی و توڕەیی کۆمەڵگەی عەلەوییەکانی لێکەوتووەتەوە.
ئاژانسی تەسنیم
ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە راپۆرتەکانیدا، شەڕ و ئاڵۆزییەکان بە هێرشی هێزە چەکدارەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا لە دژی ناوچە عەلەوی نشینەکان، بە بیانووی دەستگیرکردنی کەسانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد دەبەستێتەوە و وەک وەڵامێکی ئاسایی ئەو هێرشانە ناوزەند دەکات.
لە راپۆرتی تەسنیم دا هاتووە، حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ناچار بووە هێزێکی گەورە بە جبەخانەیەکی زۆرەوە بەرەو ناوچە عەلەوی نشینەکان بنێرێت.
ئاژانسەکە دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی جۆلانی هێزێکی گەورەی ناردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پێکدادانەکان لە ناوچەکە بەردەوامن و هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا، نەیانتوانیوە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
تەسنیم هەروەها لە راپۆرتەکەیدا باسی دامەزراندنی گرووپێکی چەکداری نوێ لە دژی دەسەڵاتی نوێی سووریا لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە دەکات و دەڵێت، ناوی ئەو هێزە نوێیە ئەنجوومەنی سەربازیی رزگارکردنی سووریایە و لەلایەن ئەفسەرێکی رژێمی پێشووی سووریاوە دامەزراوە.
ئاژانسی مێهر
ئاژانسی نیمچە فەرمیی مێهر، رووماڵی رووداوەکانی ئەم چەند رۆژەی سووریای کردووە و دەڵێت، هێزەکانی سەر بە جۆلانی لە ناوچەکانی لازقییە خەڵکی سڤیلیان رەشەکوژ کردووە.
ئاژانسەکە راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی ئیسلامیی عەلەوییەکانی سووریای بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا لەبارەی زیاتربوونی پێکدادانەکان و کوشتاری خەڵکی سڤیل هۆشداری دەدرێت.
لە راپۆرتەکەی مێهر دا هاتووە، ئەنجوومەنی عەلەوییەکانی سووریا رەخنە لە بێدەنگی رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت و داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، لە چوارچێوەی بەندی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا و بۆ پشتگیری لە خەڵکی ناوچەی کەناراوەکانی سووریا، دەستوەردان بکات.
رۆژنامەی کەیهان
رۆژنامەی کەیهان، نزیک لە نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رووداوەکانی سووریا وەکو "راپەڕینی گەلی سووریا دژی تیرۆریستانی جۆلانی لە تەرتووس و لازقییە" پێناسە دەکات.
کەیهان لە راپۆرتێکی شیکاریدا دەڵێت، لەگەڵ بەدواداچوون و رووماڵکردنی رووداوەکان، پێویستە ئەم پرسیارەش بکرێت، ئایا ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت، لەدایکبوونی ئەو بەرخودانەیە (موقاوەمە) کە پێشتر لەلایەن هەندێك لە بەرپرسە گەورەکانەوە پێشبینی دەکرا؟ یان بابەتەکە شتێکی دیکەیە؟
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێت، پێویستە بیربکەینەوە و چاوەڕێ بکەین تاوەکو لایەنەکانی دیکەی رووداوەکان روون دەبنەوە. بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا دەردەکەوێت ئەوەیە کە راپەڕینێکی جیدی و بەربڵاوی جەماوەری سەریهەڵداوە.
پێشتر و دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گۆتارێکدا رایگەیاندبوو، "بەرەی موقاوەمە لە سووریا فراوانتر دەبێت و ناوچە داگیرکراوەکانی سووریا لەلایەن گەنجە بە پەرۆشەکانی سووریاوە رزگار دەکرێن؛ گومان لەوە نەکەن کە ئەمە روودەدات."
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە دروزنشین و عەلەوی نشینەکانی سووریا لە دژی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق کراوە، کە وەکو "رژێمی تیرۆریستی دەسەڵاتداری سووریا" پێناسە کراوە. هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا، کۆمەڵکوژیان لە دژی عەلەوییەکانی سووریا دەستپێکردووە.
کەیهان جەخت لەوەش دەکاتەوە، بەردەوامیی پێکدادانەکان و ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزەکانی بەرخۆدانی جەماوەری (موقاوەمە) دەتوانێت پێشهاتەکانی سووریا بەرەو قۆناخێکی نوێ ببات.
ئەو میدیایەی نزیک لە نووسینگەی خامنەیی، تورکیا و سعودیە بە پشتگیریکردن لە دەسەڵاتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بەپێی هەندێک زانیاری، تورکیا بۆ پشتگیری لە هێزەکانی جۆلانی، هێزی سەربازی بۆ نێو خاکی سووریا جووڵاندووە.
رۆژنامەی فەراروو
پێگەی رۆژنامەی فەراروو بڵاویکردەوە، "هێزەکانی جۆلانی بە درۆن هێرش دەکەنە سەر عەلەوییەکانی سووریا و ئێستا کۆمەڵکوژییەکی گەورە لە رۆژئاوای سووریا دەکرێت."
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، هێزەکانی جۆلانی لە چەندین گوندی سەر بە لازقییە و ناچەکانی دیکەی کەناراوی سووریا، خەڵکی سڤیلی عەلەوییان کۆمەڵکوژ کردووە و تەرمی دەیان کەس لە سەر شەقامەکان کەوتوون.
ئاژانسی فارس نیوز
ئاژانسی فارس نیوز لە بابەتێکدا بە ناونیشانی "قەیرانی سووریا پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ"، قسەکانی جەعفەر قەنادباشی، شرۆڤەکار و شارەزا لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەبارەی رووداوەکانی سووریا بڵاوکردووەتەوە و رووداوەکانی ئەو وڵاتەی وەکو راپەڕێنێکی جەماوەری وێنا دەکات و دەڵێت، "شیکاری من بۆ پێشهاتەکانی سووریا لەسەر بنەمای ئەو راستییەیە کە ئەم وڵاتە ئێستا لە قۆناخێکی گواستنەوەی درێژ و ئاڵۆزدایە."
ئەم شرۆڤەکارە دەڵێت، "سووریا لە دۆخێکی نادڵنیایی دایە و دۆخی دیار نییە و نازانین لە داهاتوودا چی روودەدات. لەکاتێکدا گەلی سووریا چاوەڕوانی دامەزراندنی سیستمێکی یاسایی و حوکمڕانی بوو لەسەر بنەمای دەنگەکان و دەستوور لەدوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد، بەڵام چاوەڕوانییەکانیان بەدی نەهاتن."
بە گوتەی جەعفەر قەنادباشی، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئەو هێزانەی تورکیا پاڵپشتییان دەکات، "ئەستەمە عەلەوییەکان بتوانن گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی دیمەشق دا بکەن.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، لە تورکیا و لە ناوچەکە وا لێکدەدرێتەوە کە ئێران لە پشت رووداوەکانی ئەم دواییانەی سووریا دایە و گوتەکانی عەلی خامنەیی بەبیر دەهێنێتەوە.
شەهروەند
رۆژنامەی شەهروەند لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی "راپەڕینی گشتی لە دژی دەسەڵاتدارانی نایاسایی دیمەشق"، باسی رووداوەکانی سووریای کردووە و دەڵێت، "رووداوە خوێناوییەکانی ئەم دواییە لە سووریا، دەکرێت نیشانەی دەستپێکردنی شەری نێوخۆیی و تائیفی بێت لەو وڵاتە."
لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوە کراوە، کە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا بەرامبەر چین و توێژە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، بە تایبەتیش عەلەوییەکان فراوانتر بووە و بەوهۆیەشەوە خەڵکی ناوچەکە دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی کردووە.
رۆژنامەکە دەڵێت، هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا بە زەبری هێز ناڕەزایەتیی خەڵکی سڤیل سەرکوت دەکەن، بۆیە خەریکە گرووپی چەکداریی خۆجێیی لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا دروست دەبن و ئەمەش شەڕێکی نێوخۆیی دیکەی لێدەکەوێتەوە.
رۆژنامەی جمهوریی ئیسلامی
رۆژنامەی جمهوریی ئیسلامی، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریا وەکو راپەرینی خەڵک لە دژی حکومەتی جۆلانی ناساندووە و رایگەیاندووە، لە دژی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی جۆلانی، چەندین گرووپی چەکداری نوێ لە سووریا دامەزراندنی خۆیان راگەیاندووە.
لە راپۆرتی ئەو رۆژنامەیەدا هاتووە، لە دوو رۆژی رابردوودا، راپەڕینی خەڵکی سووریا دژی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی هێزەکانی حکومەتی جۆلانی فراوانتر بووە و لە پارێزگاکانی لازقییە، تەرتووس و ناوچەی کەناراوی سووریا گەیشتووەتە پارێزگای حەلەب.
بەپێی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، چەکدارانی سەر بە حکومەتی "جۆلانی" لە ناوچە عەلەوی نشینەکانی سووریا تووندوتیژییەکی زۆر دژی خەڵکی سڤیل بەکاردەهێنێت و بە دەیان کەسی سڤیل لە شارە عەلەوییەکان دراونەتە بەر دەسترێژی گولـلە.
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات، لە ناوچەی کەناراوی سووریا، لەم رۆژانەی دواییدا لانیکەم دوو گرووپی چەکداریی نوێی بە ناوەکانی لیوای قەڵخانی کەنار دەریا و ئەنجوومەنی سەربازیی رزگارکردنی سووریا دامەزراندنی خۆیان راگەیاندووە و دەڵێن، لە دژی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا هێرش دەکەن.
رۆژنامەی عەسری ئێرانیان
پێگەی رۆژنامەی عەسری ئێرانیان، پەیوەست بە رووداوەکانی سووریا و شەڕ و پێكدادانەکان لە ناوچەی کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، راپۆرتێکی لە ژێر ناونیشانی "دەنگۆی موقاوەمە" بڵاوکردووە و دەڵێت، شەر و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی کەناراوی سووریا دوای شەڕ و پێکدادانی تووند لەنێوان گرووپێکی چەکدار و هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق لە پارێزگای سوێدا دێت.
بەپێی راپۆرتەکە، لە رۆژی پێنجشەممەوە پێکدادانی زۆر تووند لە نێوان هێزەکانی حکومەت و گرووپی چەکداریی نوێ لە ناچە عەلەوی نشینەکانی سووریا بەردەوامە و هێزەکانی تەحریر شام بە تانک و تۆپخانە و چەکی قورس هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە.
عەسری ئێرانیان دەڵێت، هێزەکانی جۆلانی توانیویانە دۆخەکە لە شارەکانی لازقییە و تەرتووس کۆنترۆڵ بکەن و قەدەخەی هاتووچۆ لە ناوچەکە رابگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ