رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.5 پلەی ریختەر پارێزگای کرمان لە باشووری ئێرانی هەژاند و بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی کرمان رایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بوومەلەرزەکە تائێستا هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە ئەمڕۆ یەکشەممە دوای نیوەڕۆ روویداوە، ناوەندی بوومەلەرزە لە شارۆچکەی شەهداد بووە و لە قوڵایی 10 کیلۆمەتری زەویدا روویداوە.
بوومەلەرزەکە لە شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگەیە و بە تایبەتی شاری کرمان هەستی پێکراوە، هەروەها ناوەندی بوومەلەرزەکە تەنیا 26 کیلومەتر لە شارۆچکەی سیرچ و 36 کیلومەتر لە شارۆچکەی ئەندوهجردەوە دوور بووە.
بەپێی زانیارییەکان، دام و دەزگە حکومیەکان لە پارێزگای کرمان، بە تایبەت تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە.
حەمید سالخوردە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرمان دەڵێت، بوومەلەرزەکە تا ئێستا هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە، بەڵام تیمەکانی فریاکەوتن لە دۆخی ئامادەییدان.
کۆمەڵەی مانگی سووری کرمانیش رایگەیاند، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ زیانەکان سێ تیمیان ناردووە ناوچەی شەهداد و گوندەکانی سەربەو شارۆچکەیە.
رۆژی هەینی، 5ی نیسانی 2024، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.9 پلەی ریختەر پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێرانی هەژاند کە لە شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگەیە وەک شاری ئەهواز، ئابادان، ماهشەهر و مەسجد سلیمان هەستی پێکرا، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێکی نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ