خامنەیی: بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت

07-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ کاریگەرییەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا نابێت، گوتیشی، ''ئەگەر [ئەمریکییەکان] دەستدرێژی بکەنە سەر ئاسایشی گەلی ئێمە، بێگومان ئێمەش دەستدرێژی دەکەینە سەر ئاسایشی ئەوان.''
 
ئەمڕۆ هەینی 07-02-2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای وڵاتەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا دانوستاندنی ئێرانی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە.
 
عەلی خامنەیی رایگەیاند: ''دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا نییە، دەبێت ئەوە بە باشی بزانین، بەو شێوەیە پیشانمان نەدەن کە ئەگەر لەگەڵ ئەو دەوڵەتە [ئەمریکا] لە پشت مێزی دانوستاندن دانیشتین، کێشەکان چارەسەر دەبن، نا بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت.''
 
4ـی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ دەستپێکردنەوەی سیاسەتی ''ئەوپەڕی گوشار''ـی دژی ئێران واژۆ کرد، بەڵام هیوای خواست پێویست نەبێت بەکاری بێنن.
 
ترەمپ ساڵی 2018 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، جیا لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" دژی ئێران، لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـەش کشایەوە.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری رەتکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''ئەزموونمان هەیە، ئێمە لە دەیەی 90 [ـی هەتاوی] دانیشتین لەگەڵ ئەمریکا نزیکەی دوو ساڵ دانوستاندنمان کرد، رێککەوتننامەیەک پێکهات، لە رێککەوتننامەکەدا لایەنی ئێرانی زۆریش بەخشندە بوو، زۆر خاڵی بە لایەنی بەرامبەر دا، بەڵام ئەمریکییەکان پابەندی هەمان رێککەوتننامە نەبوون، هەر ئەو کەسەی کە ئێستا کاربەدەستە، رێککەوتننامەکەی دڕاند.''
 
سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام لە گوتەکانیدا دژایەتیی خۆی بۆ ئێران دەربڕیوە و ئەو وڵاتەی بە مەترسی لەسەر وڵاتەکەی و ئیسرائیل داناوە. عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەمریکییەکان دانیشتوون لەسەر کاخەز نەخشەی جیهان دەگۆڕن، هەڵبەت تەنیا لەسەر کاخەز، نەک لە واقیعدا، لەبارەی ئێمەش قسە دەکەن، هەڕەشە دەکەن، ئێمەش ئەگەر هەڕەشەمان لێبکەن، هەرەشەیان لێدەکەین، ئەگەر هەڕەشەکەیان جێبەجێ بکەن، ئێمەش هەڕەشەکەمان جێبەجێ دەکەین.''
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: ''ئەگەر دەستدرێژی بکەنە سەر ئاسایشی گەلی ئێمە، بێگومان ئێمەش دەستدرێژی دەکەینە سەر ئاسایشی ئەوان، ئەوە دەستووری قورئان و ئیسلامە و ئەرکێکە لەسەر شانی ئێمە.''
 
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن، ترەمپ دوای واژۆکردنی فەرمانی سەپاندنی ''ئەوپەڕی گوشار'' بەسەر ئێراندا گوتی، "سەیر دەکەین بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا."
 
پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا کە "ئێران چەند لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکە؟" لە وەڵامدا گوتی: "ئەوان زۆر زۆر نزیکن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە