رووداو دیجیتاڵ
ئێران سەرکۆنەی سزا نوێیەکانی ئەمریکا دەکات و بە 'نایاسایی' و 'ناڕەوا' ناویان دەبات.
رۆژی هەینی، 7ـی شوباتی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بڕیارەکەی حکومەتی نوێی ئەمریکا بۆ گوشار خستنە سەر گەلی ئێران بە رێگەگرتن لە بازرگانی یاسایی ئێران لەگەڵ هاوبەشە ئابوورییەکانی نایاسایی و ناڕەوایە و پێشێلکارییە بەرامبەر بیاسا."
ئیسماعیل بەقایی هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا "پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان خستووەتە سەر "تۆڕێکی نێودەوڵەتی" کە تۆمەتبارە بە گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین، بۆ ئەوەی چالاکییە سەربازییەکانی تاران پارەدار بکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی: "سزاکان تۆڕێکیان بە ئامانج گرتووە کە ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانیان، کە بەهاکەیان سەدان ملیۆن دۆلارە، بۆ کۆماری چین گواستووەتەوە."
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەو نەوتەی لە ئێرانەوە بۆ چین گواستراوەتەوە، "بە نوێنەرایەتیی فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران و کۆمپانیایەکی سزادراوی دیکە کراوە کە ناوی سەفەر ئینەرجی جاهان ناما پارسە."
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشار" دەخەنە سەر ئێران.
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی دژی ئێران پەیڕەو کرد و لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشایەوە.
تاران پابەندی رێککەوتنەکە بوو تاوەکو واشنتن لە 2018 لێی کشایەوە، بەڵام دواتر دەستبەرداری بوو. هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە لەو کاتەوە شکستیان هێناوە.
رێککەوتنەکە میکانیزمێکی تێدایە کە رێگە بە واژۆکاران دەدات سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت.
رۆژی 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بووە سەرۆکی ئەمریکا. ئەو بەردەوام لە گوتەکانیدا دژایەتیی خۆی بۆ ئێران دەبڕیوە و ئەو وڵاتەی بە مەترسی لەسەر وڵاتەکەی و ئیسرائیل داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ