ئێران

دوو بەلەمی سوپای پاسداران لە کەنداو لە نزیک بەلەمێکی ئەمریکا. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
prev
next
رووداو - هەولێر
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە کەنداو دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە، کە نەوتی قاچاخیان بارکردبوو، 34 کەسیش لە ستافی ئەو دوو کەشتییە، کە بیانین لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستبەسەر کراون.
جەنەرال عەلی عوزمایی، فەرماندەی ناوچەی پێنجەمی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەو دوو کەشتییە ئەمڕۆ لە باشووری دوورگەی ئەبوو مووسا لە کەنداو و بە تۆمەتی بارکردنی نەوتی قاچاخ دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران دەڵێت، کەشتیی یەکەم 2 ملیۆن و 280 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخ و کەشتیی دووەمیش 2 ملیۆن و 300 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخی بارکردبوو. هەروەها 13 کەس لە ستافی کەشتیی یەکەم و 21 کەسیش لە ستافی کەشتیی دووەم کە هەموویان بیانین دەستبەسەر کراون.
جەنەرال عەلی عوزمایی ئاماژەی بەوە نەکردووە کام وڵات خاوەنی کەشتییەکانن و 34 کەسەکەش خەڵکی کوێن.
سوپای پاسداران پێشتریش لە کەنداو دەستی بەسەر چەندین کەشتیدا گرتووە. ئەمریکا لە هاوینی ئەمساڵدا رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا ئێران لە کەنداو هەڕەشەی بۆ سەر 20 کەشتی دروست کردووە یان دەستی بەسەردا گرتوون.
لە 07-07-2023، سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرتووە، کە 900 تۆن سووتەمەنی قاچاخی بار کردبوو و 12 کەس لە ستافی کەشتییەکەش کە بیانی بوون، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ