رەئیسی: ئەمریکا هانی ئیسرائیل دەدات بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان بکوژێت

06-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئەمریکا بە ناردنی هاوکاری دارایی و دابینکردنی چەک بۆ ئیسرائیل، "هانی ئیسرائیل دەدات فەلەستینییەکان بکوژێت." 
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ رژێمی زایۆنی هانی ئیسرائیل دەدات بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سیڤیل بکوژێت و تاوانی قێزەون بکات".
 
رەئیسی دەشڵێت: "پێمانوایە دەبێت بە زووترین کات بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بوەستێندرێت و دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیێندرێت".
 
لەگەڵ دەستپێکی گەڕی نوێی جەنگی غەززە، ئێران چەند جارێک هەڕەشەی کردووە ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ناوچەکە پشتگیریان دەکات، رەنگە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل وەکو کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو جەنگە.  
 
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە. لە دوای شەڕەکەش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێ جار سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە و دەیەوێت لەلایەک پشتیوانیی واشنتن بۆ ئیسرائیل دووپاتبکاتەوە، لەلایەکی دیکەش نیگەرانیی وڵاتانی هاوپەیمانیی عەرەبی بەرامبەر بە کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە بڕەوێنێتەوە.
 
لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە بەردەوامە، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا 38 جار هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیان لەو دوو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
 
لە هەمان کاتدا حوسییەکانی یەمەن، چەند جارێک بە مووشەکی بالیستی ناوچەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیل و باشووری لوبنانیش، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، چەکدارانی حیزبوڵڵا خاکی ئیسرائیلیان مووشەکباران کردووە و ئیسرائیلیش بە تۆپباران وەڵامی ئەو هێرشانەی حیزبوڵڵای داوەتەوە.  
 
شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونە نێو شەڕەکە. بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 11 هەزار کەس لە هەردوولا کوژران و نزیکەی 30 هەزار کەسیش بریندارن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە