ئێران بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: دەستبەرداری مافی خۆمان نابین

06-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای پەسندکردنی بڕیارێک لە دژی ئێران لە لایەن ئەنجوومەنی دادوەریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڕیارەکەیان شەرمەزار کرد و رایانگەیاند، هەنگاوێکی "نەرێنی و نابونیاتنەرە و ئێران لە بەرامبەر گوشاری سیاسی، دەستبەرداری مافە بنەڕەتییەکانی نابێت."
 
گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە کاردانەوەیەکدا لەبەرامبەر بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دادوەریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی گوێ ناداتە گۆشارەکان و دوای بڕیارەکە، دەستیان بە کۆمەڵێک رێوشوێن کردووە بۆ کەمکردنەوەی پابەندییەکانی ئێران.
 
بێهرۆز کەمالوەندی گوتی، "چاوەڕوانیمان ئەوەیە؛ وڵاتانی رۆژئاوا لەبری خراپ بەکارهێنانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گوشار، رێگەی دانوستان و هاوکاری بگرنەبەر. دەبێ ئەزموون بۆی سەلماندبن کە ئێران لەبەرامبەر گوشاری سیاسی دەستبەرداری مافە بنەڕەتییەکانی نابێت."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا دەرکردنی بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی دادوەریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دژی ئەو وڵاتە بە "توندی شەرمەزار" دەکات و، بە "نابنیاتنەر"ـی لەقەڵەم دەدات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "کۆماری ئیسلامیی ئێران خستنەڕوو و پەسندکردنی ئەم بڕیارنامەیە بە کردەیەکی سیاسی و نابنیاتنەر و درێژەپێدەری سیاسەتە شکستخواردووەکانی پێشووی بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا و هەوڵێک بۆ خراپ بەکارهێنانی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان دژی وڵاتانی سەربەخۆ لەڕووی سیاسییەوە دەزانێت."
 
جەخت لەوەش دەکاتەوە، کۆماری ئیسلامی پابەندە به درێژەدانی هاوکارییه تەکنیکییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی "له چوارچێوەی ماف و ئەرکه نێودەوڵەتییەکانی له سەر بنەمای پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەک و، رێککەوتنی چاودێری و پاراستن."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، دەرکردنی ئەم بڕیارنامەیە "هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئیرادەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ درێژەدان بە بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی" لەچوارچێوەی مافەکانی وڵات بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، نابێت.
 
رۆژی چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024) سەعید ئیرەڤانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کاردانەوەی پێشان دا و رایگەیاند "بڕیارەکە پەلەپەلی لێکراوە و ژیرانە نەبووە. بڕیارەکە بێگومان کاریگەرییەکی رووخێنەری لەسەر دیپلۆماسییەت دەبێت."
 
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە رێگەی ئەنجوومەنی دادوەرییەوە بڕیارێکی لەدژی ئێران دەرکرد، کە لەلایەن ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا ئامادەکرابوو، بەپێی بڕیارەکە "تاران هاوکاریی پێویست نییە و، پێویستە بە پەلە بگەڕێتەوە بۆ پابەندییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی."
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، "ئێران رێگەنادات پشکنەرانی ئاژانس، چاودێریی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بکەن". دەشڵێت، تاران لەبارەی دۆزینەوەی گەردیلەی یۆرانیۆم لە دوو شوێنی نهێنی، روونکردنەوە نادات. 
 
پڕۆژەبڕیارەکە بە 20 دەنگی 'بەڵێ'، 12 دەنگی بەتاڵ و یەک دەنگی ئامادەنەبوو تێپەڕێندرا. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، پێویستە ئێران روونکردنەوەی متمانەپێکراوی تەکنیکی لەسەر دۆزینەوەی یۆرانیۆم لە دوو شوێنی ئاشکرانەکراو، بدات. 
 
ئاژانسەکە هەروەها داوا لە ئێران دەکات؛ رێگە بدات پشکنەران بگەڕێنەوە سەر کاری چاودێریی خۆیان و کامێراکانی چاودێریش بەکار بخرێنەوە. 
 
بڕیارنامەی ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەدات "نیگەرانین لەو لێدوانە روون و ئاشکرایانەی ئێران کە گوایە توانای تەکنیکیی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی هەیە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە