ئێران

پێشوازیی سکرتێری ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسايشى نيشتمانيى ئێران لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسايشى نيشتمانيى ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران جەختی لە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ خەڵک و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئامادەیە."
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 06-05-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسايشى نيشتمانيى ئێران کۆبووەوە.
ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران (ئیرنا) دەڵێت، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، باسی گرنگیی پەیوەندییەکانی ئێرانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە: "پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ گەلی عێراق و بە تایبەت خەڵکی کوردستانی عێراق، پەیوەندییەکی مێژوویی و کو‌لتووریی زۆر قووڵ و دێرینە کە لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکان دامەزراوە و بە تێپەڕینی کات تۆکمەتر بووە، بۆیە نابێت رێگە بە هیچ لایەنێکی سێیەم لەوانیش رژێمی زایۆنی، یان دژە شۆڕش و دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت، زیانی پێبگەیێنن."
بەپێی میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئامادەیە." هەروەها "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە هەموو جۆرە پشتگیرییەک لە خەڵک و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و شەخسی بەڕیز نێچیرڤان بارزانی بکات."
رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سکرتێری ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسايشى نيشتمانيى ئێران بووە. ئیرنا دەڵێت: "هەردوولایەن جەختیان لە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی رێککەوتننامەکە تاوەکو گەیشتن بە ئەنجام و نەهێشتنی ناسەقامگیری کردەوە."
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا رایگەیاندووە: "ئاسایشی ئێران، بە ئاسایشی خۆمان دەزانین و رێگە نادەین هیچ لایەنێکی سێیەم لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە زیان بە ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەیێنێت." نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئاماژەی بە پشتگیرییەکانی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
نێچيرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان فاكته‌رى سه‌قامگيرى ده‌بێت
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، دۆخى ئه‌منى و هاريكارى و هاوئاهه‌نگيى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى، مه‌ترسييه ئه‌منييه‌كانى ناوچه‌كه و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانيان، قسەیان لەبارەوە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "هه‌ردوولا جه‌ختيان له هاريكاريى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگيى لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌ردوو وڵات له‌پێناو ئارامى و ئاسايشدا كرده‌وه و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى رێگرتن له په‌ره‌سه‌ندنى ئاڵۆزييهكان و به‌دوورگرتنى ناوچه‌كه له پشێويى زياتر."
لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی ئەکبەر ئه‌حمه‌ديان "به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق به هه‌رێمى كوردستانه‌وه ده‌ربڕى."
بەپێی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی لەکۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئه‌حمه‌ديان دووپاتیکردەوە "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت له ناوچه‌كه‌دا و بۆ هيچ لايه‌نێك نابێته هه‌ڕه‌شه."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکشەممە، 05-06-2024، بە سەردانێکی فەرمی لە ئێرانە و ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ