میدیای ئێرانی: نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەستپێشخەرە

06-05-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی لە تارانە و میدیاکانی ئەو وڵاتەش بە بایەخەوە باس لە سەردانەکەی دەکەن. 
 
ئاژانسی کاری ئێران (ئیلنا) دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەیە.
 
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەبوونی ئەو پەیوەندییە دوورودرێژە واتای ئەوەیە توانای پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانەیان هەیە.
 
رۆژنامەی ''7ی سوبح'' لەبارەی سەردانەکە، کار و سیاسەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنووسێت، ''نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرقەراریی ئاشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران دەستپێشخەرە.''
 
رۆژنامەی ''همشهری'' دەنووسێت، ''سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکدایە کە دوو وڵات چەندین دۆسیەی گرنگی سیاسی-ئەمنی و ئابووری-بازرگانییان لە نێواندایە و ئامانج لە سەردانەکەش پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.''
 
ماڵپەڕی "تابناک"ـیش کە نزیکە لە محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە زاری نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بە ئەجێندای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و دەڵێت، ''سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێی هەندێک بابەتی گرنگ وەکو دۆخی ناوچەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران سەردانی ئێرانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵات کۆدەبێتەوە".
 
ئەو ماڵپەڕە ئەوەشی لەبارەی سەردانەکە خستووەتەڕوو کە ''دەتوانێت لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر بدات".
 
ماڵپەری ''ئینتیخاب'' یەکێک لە هەواڵە سەرەکییەکانی تایبەتە بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و تێیدا هاتووە، ''ئامانج لە سەردانەکەی، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانیش کۆدەبێتەوە.''
 
یەکێک لە گۆشەکانی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی ''روویدادی ئیمرووز''ـی ئێران تایبەتە بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و تێیدا لە زاری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران باس لەوە کراوە کە ''ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و تاوتوێی هەندێک پرسی گرنگی نێوان دوو وڵاتەکەیە."
 
رۆژنامەی راهبورد لە لاپەڕەی یەکەمیدا وەکو ''مژاری رۆژ'' باس لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران دەکات؛ یەکێک لە مانشێتە سەرەکییەکانی رۆژنامەی ''هەم‌ میهەن''ـیش بۆ ئەمڕۆ دووشەممە بریتی بوو لە ''میوانداریکردن لە هەرێم دوای سێ ساڵ.  
 
رۆژنامەی ''فەرهیختیگان'' لە زاری سەید هادی سەید ئۆفۆقەهی، لێکۆڵینڤان و شارەزای سیاسیی تایبەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەو شێوەیە باس لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەکات کە ''نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی دانوستاندنکارە و دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بدات؛ هەوڵدەدات لە رێگەی رێککەوتن، دیدار، راوێژ و دانوستاندنەوە گرفتەکان چارەسەر بکات.''
 
نێچیرڤان بارزانی دوێنێ یەکشەممە گەیشتە تاران و ئەمڕۆ بە جیا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار؛ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە. 
 
دڵشاد شەهاب یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2024 بە رووداوی گوت "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بڕوایەدایە ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ ئەوەیە؛ هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیریی بووە و هەر بەم شێوەیەش دەمێنێتەوە".

 

 

سەنگەر عەبدولرەحمان، نێردراوی رووداو بۆ تاران، نزیکەی 15 رۆژنامەی ئێرانی بەدەستەوەیە و دەڵێ بە گرنگییەوە باسیان لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کردووە "بەدواداچوونم کردووە، چۆن پێڕاگەیشتن بەمشێوەیە باسی سەردانەکە بکەن لە ژمارەی ئەمڕۆیاندا، لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانی دوێنێ درەنگی ئێوارە گەیشت و پێیان گوتم، بەشێکی رۆژنامەکان چاپی ئەمڕۆیان درەنگتر کردووە، هەندێکیشیان شەوی رابردوو ستافیان هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە رابگەن."
 
ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵیی میهر باس لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەکات و دەڵێت،  ''سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەرخەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەر سێ پێکهاتەی سوننە، شیعە و کورد هاوکاریی هەمەلایەنەی هەیە و ئامادەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.''
 
میهر کە نزیکە لە حکومەتەوە دەڵێت، ''سەردانی نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکدایە کە لە چەند مانگی رابردوودا باڵیۆزی ئێران (لە بەغدا) و کۆنسووڵەکانی ئێران لە سلێمانی و هەولێر هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا داوە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە هاوکاریی سەرجەم لایەنەکان پارێزراو بێت".
 
ماڵپەڕی میهر ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ''سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە عێراق، ناوچەکە و جیهان رێزێکی تایبەت لە نێچیرڤان بارزانی دەگرن. نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان سەردانی تارانی کردووە."
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە