پۆلیسی ئێران: سێ داعش لە کەرەج دەستگیرکران کە پلانی تەقینەوەیان هەبووە

06-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی ئێران دەڵێت، سێ ئەندامی رێکخراوی داعش لە شاری کەرەج دەستگیرکراون، کە پیلانیان هەبووە لە رۆژانی جەژندا تەقینەوەی خۆکوژی بکەن.

رۆژی شەممە، 06-04-2024، سەعید مونتەزیرمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، سێ ئەندامی داعش لە شاری کەرەجی سەر بە پارێزگای ئەلبورزی وڵاتەکە دەستگیرکراون و ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکیان ناوی محەممەد زاکر ناسراو بە رامشە کە ئەندامێکی باڵای "رێکخراوە پەڕگیرەکە"یە.
 
سەعید مونتەزیرمەهدی گوتی، هێزەکانی پۆلیس لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا تەقەیان لە سێ ئەندامەکەی داعش کردووە و لە ئەنجامدا هەرسێکیان بە برینداری دەستگیرکراون.
 
گوتەبێژی پۆلیسی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە دەستگیرکراوان پیلانی تەقینەوەی خۆکوژییان لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا هەبووە.
 
پۆلیسی ئێران وێنەی سێ دەستگیرکراوەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی سەبارەت بەوە نەخستووەتەڕوو کە ویستوویانە لە کام شار تەقینەوەکە بکەن.
 
بە گوتەی مونتەزیرمەهدی، پەیوەست بە دۆسیەکە هەشت کەسی دیکەش دەستگیرکراون کە پەیوەندییان لەگەڵ تیمە سێ کەسییەکە و بەرپرسانی داعش هەبووە.
 
یەکێک لە گەورەترین تەقینەوە خۆکوژییەکان لە ئێران تەقینەوەکەی رۆژی 03-01-2024 لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمان بوو کە دواتر داعش بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ و تێیدا لانیکەم 84 کەس کوژران و 284یش بریندار بوون.
 
دوای تەقینەوەکە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 35 کەسی بە تۆمەتی هاوکاری و بەشداریکردن لە کردە ''تیرۆریستی''ـیەکەدا دەستگیر کردووە، لەوانەش دوو ئەمیر و چەند سەرکردەیەکی داعش.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە