سوپاسالاری ئێران: وەڵامێکی تووندی هێرشەکەی دووژمن دەدەینەوە

06-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپاسالاری ئێران دەڵێت، وەڵامێکی تووندی هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشق دەدەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''کات، شوێن و جۆری ئۆپەراسیۆنەکە خۆمان دیاری دەکەین''.
 
ئەمڕۆ شەممە 06-04-2024، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی محەممەدڕەزا زاهیدی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە لە دیمەشقی سووریا کوژرا، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی، ''بێگومان وەڵامێکی تووندی هێرشەکە دەدەینەوە".
 
محەممەد باقری گوتی، ''کاتی ئۆپەراسیۆن، جۆری ئۆپەراسیۆن، هەروەها دیزاین و پلانی ئۆپەراسیۆنەکە خۆمان دیاری دەکەین''.
 
سوپاسالاری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان لە کاتی گونجاودا بە سوودوەرگرتن لە پلانێکی تۆکمە، زۆرترین زیان بە دووژمن دەگەیێنین؛ زیانێک دووژمن لەو کارەی کردوویەتی، پەشیمان بکاتەوە''. 
 
هەڕەشەکانی سوپاسالاری ئێران لەکاتێکدان، رۆژی دووشەممە 1-4-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بۆردوومانکرا. 
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازی لە سووریا بوون، کوژران.
 
بەرپرسانی وڵاتەکە و تەنانەت عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتباردەکەن و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە وەڵامیان دەبێت.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە 04-04-2024 رایگەیاند، بڕیاری داوە پشوو بە سەربازەکانی نەدات و داوای لە ژمارەیەکی زیاتری سەربازە یەدەگەکانیشی کرد بگەڕێنەوە سەر ئەرکیان.
 
ئەو دۆخەش کە هەیە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
 
رۆژی 2ـی نیسانی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداودا لە واشنتن رایگەیاند، "لە رێگەی کەناڵێکی تایبەتەوە بە ئێرانمان راگەیاندووە کە بەرپرس نین لەو هێرشەی لە دیمەشق کرا".
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەوەشی راگەیاند، "ئەوە دووپات دەکەینەوە کە ئەمریکا لە هێرشەکەدا بەشدار نەبووە؛ هەروەها هیچ زانیارییەکی پێشوەختەمان لەبارەی هێرشەکە نەبووە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە