رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەڵێت، ناکرێت بەنزین بە گران هاوردە بکرێت و خەڵکیش ''بەلاش'' بیسووتێنێت.
مستەفا میرسەلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ڤیدیۆیەکدا سەبارەت بە نرخی بەنزین رایگەیاند، ''ئەو پڕۆسەیە کە ئێمە بەردەوام هەوڵی فرۆشتنی نەوت دەدەین بۆ ئەوەی بەنزین بکڕین و خەڵکیش بەلاش دەیسووتێنێت، هەڵەیە. ناکرێت بەردەوام نرخی هەموو شتێک بەرزببێتەوە، بەڵام نرخی فرۆشتنی بەنزین بە خەڵک، تەنیا سێ سەنت بێت.''
بەکارهێنانی رۆژانەی بەنزین لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 130 بۆ 140 ملیۆن لیترە؛ ئەوە لەکاتێکدایە رۆژانە 110 بۆ 112 ملیۆن لیتر بەرهەمی نێوخۆیی بەنزینی هەیە. مستەفا میرسەلیم گوتی ''بەوپێیە ناچارین ساڵی داهاتوو بە بەهای 9 ملیار دۆلار بەنزین هاوردە بکەین.''
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران گوتی، ''پێویستە بە خەڵکی رابگەیێنین کە هەر کەسێک مانگانە زیاتر لەو بڕەی بۆی دیاریکراوە (60 لیتر) بەنزین بەکاربهێنێت، دەبێت بە شێوەی ئازاد و بە نرخی هاوردەکردنەکەی بیکڕێت، نەوەک لیتری بە سێ هەزار تەمەن.''
قسەکانی مستەفا میرسەلیم لەکاتێکدان؛ 26ـی شوباتی 2025 محەممەد بەهرامی، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ''نرخی بەنزین لە ساڵی داهاتوودا (هەتاوی) زیاد ناکات و هەر بە جێگیری دەمێنێتەوە.''
حکومەتی ئێران مانگانە 60 لیتر بەنزین بە نرخی حکومیی 1500 تمەن دەداتە شۆفێران، هەروەها هەر شۆفێرێک دەتوانێت بڕی 100 لیتر بەنزینی ئازاد بە نرخی 3000 تمەنیش بکڕێت.
حکومەت پێیوایە، ئەو نرخانە زۆر هەرزانن و پێویستە بگۆڕدرێن، بەڵام لە ئەنجامەکانی بریارێکی لەو شێوەیە نیگەرانە. دوایین بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین ساڵی 2019 بوو کە ناڕەزایی و خۆپێشاندانێکی بەربڵاوی لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لێکەوتەوە.
ساڵی 2019 نرخی لیترێک بەنزین بۆ سێ هەزار تمەن بەرزکرایەوە. ئەوکات هەر دۆلارێک بەرامبەر بوو بە 11 هەزار و 500 تمەن، واتا هەر لیترێک بەنزین 26 سەنت بوو، بەڵام ئێستا بە دۆلاری 90 هەزاری، نرخی هەر لیترێک بەنزین بۆ خەڵک سێ سەنتە، ئەوە لەکاتێکدایە ئێران ناچارە بە نرخێکی زۆر زیاتر ئەو بەرهەمە نەوتییە هاوردە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ