رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفر و باران چەندین پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و لوڕستان بەفر دەبارێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025 رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانیان لە هەر 31 پارێزگاکەی ئەو وڵاتە بەفر و باران دەبارێت و کاریگەری شەپۆلەکە تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە، 9ــی شوبات بەردەوام دەبێت.
لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە، بەفربارین لە چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و لوڕستان دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
لە شارەکانی ورمێ، سەڵماس، شنۆ، سەردەشت و پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێ بەفرێکی زۆر باریوە و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
مەهدی سابیری، بەڕێوەبەری بەشی پێشبینییەکانی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، بەهۆی کاریگەری شەپۆلە نوێیەکە پلەی گەرما لەو پارێزگایە لە نێوان 8 بۆ 12 پلە دادەبەزێت و هەوا ساردتر دەبێت.
ئەرسەلان شوکری، بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای ورمێش رایگەیاند، سەڕەرای ئەوەی بارینی بەفر بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرجەم رێگە سەرەکییەکان لەو پارێزگایە کراوەن.
شوکری داوای لە شۆفێرانیش کرد، کەرەستەی تایبەت بە کەشوهەوای سارد و بەفراوییان پێ بێت.
لە پارێزگای سنەش، لە شاری دیواندەرە و ناوچەکانی نێوان دیواندەرە و سنە، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان بارینی بەفر لە شەوی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە.
رەحیم سدیقی، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی سنە دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە تاوەکو رۆژی هەینی لە شارەکانی سنە، بانە، مەریوان، بیجاو، قوروە، کامێران، نسارە، زەرینە و هەزارکانیان بەفر ببارێت.
بە گوتەی سدیقی، شەپۆلی دووەمی بەفربارین لەو پارێزگایە لە رۆژی شەممەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و زۆربەی شار و ناوچەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە.
بەهروز موراد پوور، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی لوڕستانیش رایگەیاند، لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە بارینی بەفر لە چەند ناوچەیەکی ئەو پارێزگایە دەستیپێکردووە و بە پێی پێشبینییەکانیان، تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی سەعید قاسمی، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی کرماشانیش، بەپێی پێشبینییەکان، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە کاریگەری شەپۆلە نوێیەکە لە سنووری ئەو پارێزگایە دەردەکەوێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
بەپێی کەشناسیی پارێزگای ئیلامیش، کاریگەری شەپۆلە نوێیەکە لەو پارێزگایە زیاتر بە شێوەی باران دەبێت، بەڵام لە شەوی پێنجشەممەوە لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
بەپێی پێشبینییەکانی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، بەهۆی شەپۆلە هەواکە لە زۆربەی ناوچەکان بەفر و باران دەبارێت، خێرایی با زیاتر دەبێت، پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، لە هەندێک ناوچە تەرزە و باو بۆران و کڕێوە دەبێت، هەروەها لە هەندێک ناوچەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تەمومژ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ