رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئینتەرنێتی سەر بە ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەلیکترۆنیی ئێران رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان 30 هەزار ئامێری تایبەت بە ئینتەرنێتی ستارلینک لە ئێران هەن و زیاتر لە 100 هەزار کەس لەو وڵاتە ئەو ئینتەرنێتە بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ مۆڵەتێکیان لە حکومەت وەرگرتبێت.
دووشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2025، پویا پیرحوسێنلوو، سەرۆکی لیژنەی ئینتەرنێتی سەر بە ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەلیکترۆنیی ئێران لە کۆبوونەوەی راگەیاندنی چوارەمین راپۆرتی کوالیتیی ئینتەرنێت لە ئێران کە لە تاران بەڕێوەچوو، ئەو زانیارییەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بە پشتبەستن بە داتا فەرمییە ناوخۆییەکان لەبارەی ئینتەرنێت، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، بەکارهێنانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە.
سەبارەت بە کوالیتیی ئینتەرنێت لە ئێران، پیرحوسێنلوو دەڵێت، کوالیتیی ئینتەرنێت لە ئێران باش نییە، کێشەی فیلتەرکردنی ئینتەرنێت بەردەوامە و زیاتر لە 84٪ی بەکارهێنەران بە ناچاری فیلتەرشکێن بەکاردەهێنن.
هەروەها رایگەیاند، لە رووی کوالیتیی ئینتەرنێتەوە، ئێران لە نێو 100 وڵاتی جیهاندا لە ریزبەندی 98دا یە و تەنیا کوبا و تورکمانستان دۆخی ئینتەرنێتیان لە ئێران خراپترە.
لە ئێران لەم ساڵانەی دواییدا ئینتەرنێت سنووردار کراوە و حکومەتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە هەوڵدەدات، فیلتەری سەر ئینتەرنێت هەڵبگرێت، بۆ ئەوەش لە یەکەم هەنگاویدا فیلتەری لەسەر وەتسئەپ و گووگڵ پلەی هەڵگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ