عەلی خامنەیی بۆ دەنگدەران: باشترین کەس هەڵبژێرن

05-07-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری گوتی، "دەبێ خەڵک هەوڵی زیاتر بدەن بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە، بۆ ئەوەی سبەی سەرۆککۆمارمان هەبێت."
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 05-07-2024، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەنگی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی وڵاتەکە خستە نێو سندووقێکی گەڕۆکەوە و دواتر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
عەلی خامنەیی رایگەیاند: "سوپاس بۆ خوا رۆژێکی خۆشە؛ رۆژی ئامادەبوون، بەشداریکردن و چالاکبوونی خەڵکی خۆشەویستمانە لە پرسێکی گرنگی سیاسیی وڵات، واتا هەڵبژاردن."
 
گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە نزیکەی 40٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد، بەڵام هیچ کام لە بەربژێران 50٪+1ـی کۆی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا. رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، "بیستم جۆش و خرۆشی خەڵک زیاترە لە گەڕی پێشوو، هیوادارم هەر بەوشێوەیە بێت کە ئەوکات هەواڵێکی دڵخۆشکەرە."
 
عەلی خامنەیی گوتیشی: "ئینشائەڵڵا خەڵکی خۆشەویستمان بتوانن دەنگ بدەن و باشترین کەس هەڵبژێرن، لەم قۆناخەشدا بێگومان خەڵک دەبێ زیاتر هەوڵ بدەن بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە بۆ ئەوەی سبەی سەرۆککۆمارمان هەبێت."
 
ئەگەر ماوەی هەڵبژاردن درێژ نەکرێتەوە، تاوەکو کاژێر 18:00ـی ئەمڕۆ (بەکاتی تاران) بەردەوام دەبێت. سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵە، واتا بەر لە 05-07-2006 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەسن.
 
لە گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، دوو بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە رکابەری دەکەن. سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان.
 
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەک کە ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ناسراو بە ئیسپا بڵاوی کردووەتەوە، لە گەڕی دووەمی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخواز زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و دەبێتە سەرۆککۆمار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە