هێڵی ئاسنی ئێران: گەشتەکانی شەمەندەفەری نێوان تاران - وان لە 9ی ئادار دەستپێدەکات

05-02-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو یجیتاڵ

کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ئێران رایگەیاند، مانگی ئادار و چەند رۆژێک بەر لە نەورۆز، هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و شاری وان لە باکووری کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2025 بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسنی ئێران رایگەیاند، "لە رۆژی 9ی ئاداری ئەم ساڵ هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان شارەکانی تاران و وان دەستپێدەکاتەوە."
 
جەبار عەلی زاکری گوتی، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ لایەنی تورکیادا کراوە، هەفتانە چوار گەشتی شەمەندەفەر لەنێوان تارانی پایتەخت و شاری وان دەبێت، دوویان لە تارانەوە بۆ وان و دوو گەشتی دیکەش لە وانەوە بۆ تاران دەبێت.
 
گوتیشی، "بەپێی خشتەیەک کە دانراوە، رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە شەمەندەفەر لە تارانەوە بەرەو وان دەڕوات و رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممەش، لە وانەوە بەرەو تاران."
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسنی ئێران دەڵێت، مەبەست لە کردنەوەی هێڵەکە و دەستپێکردنی گەشتەکانی شەمەندەفەر لەنێوان ئەو دوو شارە، ئاسانکارییە بۆ هاتووچۆی گەشتیارانی نەورۆز، "لەم بارەیەوە گەیشتووینەتە ئەنجامێک و یەکەم شەمەندەفەریش رۆژی 9ی ئادار لە ئێرانەوە بەڕێدەکەوێت."
 
بە گوتەی جەبار عەلی زاکری، "ئەگەر پێشوازی باش بێت، لە قۆناخی دووەمدا شەمەندەفەرەکە بەرەو ئەنقەرە و ئەستەنبووڵ بەردەوام دەبێت."
 
پێشتر لە 8ی کانوونی دووەمی 2025، پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ئێران رایگەیاندبوو، "دوای بەڕێوەچوونی چەندین کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی هێڵی ئاسنی ئێران و تورکیا، چوون و هاتن بە شەمەندەفەری نەفەرهەڵگری تاران – وان لە ماوەیەکی نزیکدا دەستپێدەکاتەوە."
 
هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تاران - وان لە هاوینی ساڵی 2020دا دەستیپێکرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە وەستێندرا.
 
وان شارێکی باکووی کوردستانە و لەگەڵ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورە. لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە ناوەندێکی گەشتیاری و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە رووی تێدەکەن.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، لە ساڵی 2024دا 3.2 ملیۆن گەشتیاری ئێرانی سەردانی تورکیایان کردووە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 30.9% زیادیکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە