رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران لە وەڵامی سەرۆکی ئەمریکادا کە گوتوویەتی، ئامادەیە لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکات و بگاتە رێککەوتن، رایگەیاند، "کاروباری نێودەوڵەتیمان لەسەر سێ بنەمای شکۆ، ژیری و بەرژەوەندی دامەزراوە. هەموو پرسەکان، بەتایبەتی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان لەسەر ئەو سێ بنەمایە رێکدەخرێن."
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆببێتەوە و لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتنێکی باش.
مهاجرانی گوتی، "لە پرسی سیاسەتی دەرەوە و مژارە نێودەوڵەتییەکاندا، سیاسەتەکانمان بەردەوام لە سەر بنەمای سێ پرەنسیپی سەرەکین. بە بەردەوامی سێ پرەنسیپ لە وەزارەتی دەرەوە پەیڕەو دەکەین: شکۆی وڵات، شکۆی گەل و ئەو ژیرییەی هەیە؛ بینینی پشت پەردەی بابەتەکان و بەرژەوەندییەکان."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران گوتیشی، "بێگۆمان هەموو پرسەکانی وڵات بەپێی ئەم سێ پرەنسیپە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەتایبەتی پرسی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە."
رۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆ کرد.
ترەمپ دوای واژۆکردنی فەرمانەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "بەهیوام پێویست نەکات [رێکارەکان] زۆر بەکاربهێنم. دڵخۆش نیم بەمە، بەڵام لەڕاستیدا بژارەی زۆرم نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین."
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا."
پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا کە "ئێران چەند لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکە؟" لە وەڵامدا گوتی، "ئەوان زۆر زۆر نزیکن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ