رووداو دیجیتاڵ
دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، لە کاژێر 08:00 (بەکاتی تاران، 07:30 بە کاتی هەولێر)ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 4ی تەمموزی 2024ـەوە بانگەشەکانی گەڕی دووەمی 14ـەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە راگیران.
دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان، بانگەشە 24 کاژێر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن، دەوەستێت و هەموو جۆرە چالاکییەکی بانگەشەکردن، قەدەخە دەکرێت."
دەستەکە داوا لە بەربژێران و لایەنگرانیشیان دەکات، پابەندی بڕیارەکە بن و بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لە کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی، 5ـی تەمموز، 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەستپێدەکات و 10 کاژێر بەردەوام دەبێت، بەڵام وەزیری ناوخۆی ئێران دەتوانێت بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بدات.
بەپێی رێنماییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران، بەشداربووان دەتوانن بە ناسنامە یان کارتی نیشتمانی دەنگ بدەن.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان هەر یەکێک لە دوو بەربژێرەکە زۆرترین رێژەی دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران.
موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران رۆژی پێنجشەممە گوتی، "هەوڵدەدەین لە کاژێرە سەرەتاکانی رۆژی شەممە، 6ی تەمموز ئەنجامی کۆتایی و فەرمیی هەڵبژاردن رابگەیێنن."
وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە تەواو کراون.
تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانیش رایگەیاند، هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە جێبەجێ کراون و پرۆسەکە وەکو گەڕی یەکەم دەبێت.
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە لەنێوان مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی، بەربژێری نەریتخوازاندا بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا هیچ یەک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی 50٪ +1ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن.
رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی 14ـەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران لە نێوان چوار بەربژێردا بەڕێوەچوو.
لە گەڕی یەکەمدا، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی بەدەستهێنا؛ سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بردەوە؛ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سێ ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگی بەدەستهێنا و مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری داد و ناوخۆی پێشتری ئێرانیش، 206 هەزار و 397 دەنگی بەدەستهێنا؛ یەک ملیۆن و 56 هەزار و 159 دەنگیش پووچەڵ بوون.
دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، لەو 61 ملیۆن و 452 هەزار کەسەی مافی دەنگدانیان هەبووە، زیاتر لە 24 ملیۆن و 535 هەزار کەس بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە و رێژەی بەشداریکردنی خەڵک نزیکەی 40% (39.96%) بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ