حکومەتی ئێران: نامانەوێت ئەو سووکایەتییەی بە سەرۆکی ئۆکراینا کرا، بەسەر ئێمەشدا بێت

04-03-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، ئێران لەژێر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکادا گفتوگۆ ناکات. دەشڵێت، "سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار کێشەمان بۆ دروست دەکات، بەڵام نامانەوێت ئەوەی بەسەر سەرۆکی ئۆکراینادا هات، بەسەر ئێمەشدا بێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاداری 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بۆچوونی حکومەت سەبارەت بە ئەگەری دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی رایگەیاند، لە کاتێکدا ئەمریکا سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لە دژی ئێران بەکاردەهێنێت، تاران ئامادە نییە لەژێر ئەو گوشارەدا دانوستاندن بکات.
 
مهاجرانی باسی لەوەش کرد، "ناتوانرێت هیچ کەسێک بەزۆر بهێندرێتە سەر مێزی گفتوگۆ، پێویستە دانوستاندن و دیالۆگ بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بکرێت."
 
ئیدارەی نوێی ئەمریکا بڕیاری داوە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لە دژی ئێران بگرێتەبەر، بەڵام گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، "سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار تاقیکراوەتەوە و کێشەمان بۆ دروست دەکات؛ بەڵام نامانەوێت ئەو سووکایەتییەی بە سەرۆکی ئۆکراینا کرا، بەسەر ئێمەشدا بێت."
 
سەبارەت بە دەمەقاڵەی ئەم دواییەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە کۆشکی، مهاجرانی رایگەیاند، "بە زیلینسکی دەڵێم، ئاسایش ناوخۆییە و پێویستە وەکو شتێکی ناکاڵا سەیری بکەین، ئاسایشیش ناتوانرێت بکڕدرێت. پێی دەڵێم، قومار لە سەروەت و سامانی وڵات لەگەڵ سەرۆکێک مەکە، بگەڕێوە بۆ ناو گەلەکەت، وریابن لەم قومارەدا سەروەت و سامانتان لەدەست نەدەن."
 
رۆژی هەینی 28-02-2025، لەنێو کۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانسی جێگرەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا گفتوگۆیەکی تووندیان کرد. ترەمپ و جێگرەکەی، سەرکۆنەی زیلینسکییان کرد کە "سوپاسگوزار" نییە و لە دژی قبووڵکردنی ئاگربەستە. زیلینسکیش گوتی، گەرەنتیی ئاسایشی دەوێت.
 
دوای مشتومڕەکە، زیلینسکی بەبێ ماڵئاوایی هاوتاکەی کۆشکی سپی جێهێشت و هیچ رێککەوتنێک لەسەر هیچ شتێک نەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە