رووداو دیجیتاڵ
گومرگی ئێران رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا ئێران زیاتر لە 81 تۆن زێڕی هاوردە کردووە، زۆرترینیشی لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینیی تارانەوە بووە.
میدیای فەرمیی ئێران، ئەو ئامارەی لەسەر زاری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی وڵاتەکە بڵاوکردووەتەوە.
فروود عەسکەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاندووە، هاوردەکردنی زێڕ لە لایەن ئەو وڵاتەوە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، لەڕووی کێشەوە 234٪ و لەڕووی نرخەوە 303٪ زیادی کردووە.
ساڵی 2023، ئێران نزیکەی 30 تۆن زێڕی هاوردە کردبوو. رۆژی 25ـی ئاداری 2024، محەممەد رزوانیفەر، بەڕێوەبەری پێشووی گومرگی ئێران رایگەیاند، ئێران لەماوەی ساڵێکدا 29 تۆن و 969 کیلۆگرام زێڕی بە بەهای ملیارێک و 936 ملیۆن دۆلار هاوردە کردووە، کە 3٪ـی کۆی گشتیی هاوردەی وڵاتەکە دەکات.
لە ساڵی 2022دا، حکومەتی ئێران بڕیاری دا ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی زێڕ بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ئێرانیش لە ساڵی 2024، گشتاندنێکی بۆ هەموو خاڵە گومرگییەکان، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان نارد، تێدا ئاماژە بەوە کراوە؛ باج لەسەر هاوردەکردنی زێڕ هەڵگیراوە.
پسپۆرانی ئابووریی ئێران، بەرزبوونەوەی قەبارەی هاوردەی زێڕ لەو وڵاتە بۆ زیادبوونی داواکاری بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی زێڕ و گۆڕانکاری لە سیاسەتە دارایی و دراوییەکانی حکومەت دەگەڕێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ