سادق زیباکەلام: تەقینەوەکانی شاری کرمان لەلایەن داعشەوە کراون

04-01-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن کرمان سادق زیباکەلام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسەر و لێکۆلینڤانێکی ئێرانی دەڵێت، تەقینەوەکانی شاری کرمان لەلایەن داعشەوە کراون. ئاماژە بەوەش دەکات، ''تاوەکو ئێستا بەرەی مقاوەمە هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەلەستین نەبووە.'' 
 
رۆژی چوارشەممە 03-01-2024 سادق زیباکەلام، نووسەر و لێکۆلینڤانی ئێرانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، لەبارەی تەقینەوەکانی شاری کرمان رایگەیاند، بەڵگەکان دەریدەخەن کە تەقینەوەکان لەلایەن گرووپە ئیسلامییە تووندئاژۆکانی وەکو داعشەوە کراون.
 
سادق زیباکەلام گوتی ''ئەگەرچی بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵدەدەن ئەوە پشتڕاست بکەنەوە کە ئیسرائیل لە پشت رووداوەکەیە، بەڵام شێوەی ئۆپەراسیۆن و تەقینەوەکە بەجۆرێک بوو، کە خەڵکی ئاسایی بوونەتە قوربانی، ئەمەش لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل، کە بە وردی ئامانجەکانیان دەپێکن، یەکناگرێتەوە.''
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، لە یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە کرمان، دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی روویاندا، بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، تائێستا 103 کەس کوژراون و 188 کەسیش بریندارن.
 
ئەو لێکۆڵینڤانە ئێرانییە باسی لەوە کرد، ئیسرائیلییەکان ئاگاداری ئەوەن لایەنگری زۆریان لە ئێراندا هەیە، ''بۆیە بێگومان ئەوان کارێک ناکەن، کە لایەنگرانیان لێیان بکشێنەوە.''
 
سادق زیباکەلام رەتیدەکاتەوە ئێرانیش وەکو پیلانگێڕییەک دژی ئیسرائیل یان هەر لایەنێکی دیکە، خۆی لەپشت تەقینەوەکانی کرمانەوە بێت، دەشڵێت ''هەندێک رەخنە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگیرێت، کە سەرەڕای ئەوەی خەڵکانێکی زۆر بە بۆنەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی روویان لە کرمان کردبوو، رێکارە ئەمنییەکان لە ئاستی پێوستدا نەبوون و دەبووایە لانیکەم تیمەکانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکان و، هێزە ئەمنییەکان ئامادەیی تەواویان بۆ هەر رووداوێک هەبووایە.''
 
دوای ئەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و شەڕ و پێکدانانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بوو، کە بە ئێستاشەوە لایەنگری و پاڵپشتیی لە حەماس و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دەکات. ئەو لێکۆڵینڤان و نووسەرە ئێرانییە گوتی ''بەپێچەوانەی رابردوو، رێبەرە فەلەستینییەکان ئێستا لایەنگری زۆریان نییە و ئەگەر رێبەرێکی فەلەستینی سەردانی ئێران بکات، پێموانییە خەڵکی ئێران زۆر پێشوازی لێ بکەن، جگە لە بەشێک لە بەرپرسان و ئەوانەی سەر بە حکومەتن.''
 
 
سادق زیباکەلام جەخت لەوە دەکاتەوە، مەبەستی ئێران لە ''تاوانبارکردن''ـی ئیسرائیل سەبارەت بە تەقینەوەکەی کرمان، ئەوەیە ''ئەم وێنەیە باشەی لە نێوان خەڵکی ئێراندا لە ئیسرائیل دروستبووە، تێکبدرێت و بڵێن ئیسرائیلییەکان ئەو تاوانەیان کردووە.''
 
دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بۆردوومانی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەرەی مقاوەمە، لە کۆی زیاتر لە 100 هێرشیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، 56 هێرشیان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و هەریر لە ئەستۆگرتووە. زیباکەلام لەوبارەوە گوتی ''بەرەی مقاوەمە هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبووە و ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بواری سەربازی و ستراتیژییەوە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو زۆر بەهێزترە، لەکاتێکدا سیاسەتی بەرەی مقاوەمە ئەوە بوو، کە لە سنووری سووریا و لوبنان لە بەرامبەر ئیسرائیل بەرگری بکات.''
 
بەگوتەی ئەو لێکۆلینڤانە، "ئێستا بەپێچەوانەی ستراتیژییەکەی دروستبوونی بەرەی مقاوەمە، ئیسرائیل زۆر بەهێزتر بووە و لە وڵاتی ئازەربایجان، ئیمارات و هەرێمی کوردستان شوێنپێی خۆی کردووەتەوە."
 
 
''ئەگەری هەیە دووبارە ئێران هێرش بکاتەوە سەر هەولێر''
 
تاوەکو ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جار هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان کە چەندین کەس بەهۆیانەوە کوژراون و بریندار بوون.
 
رۆژی 19ـی ئادارى 2023 عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنى ئەمنیى نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد، یەکێک لە خاڵەکانى، پاراستنى ناوچە سنوورییەکانى نێوانیان هەردوو وڵات و دوورخستنەوەى هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە لەسەر سنوورى نێوانیان بوو.
 
سادق زیباکەلام پێیوایە رەنگە دووبارە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و مووشەک هێرش بکاتەوە سەر هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ''حیزبە کوردییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەو ناوچانە هەن، کەواتە ئێمە (ئێران) بۆ سەرکوتکردنی ئەوان ناچارین هێرشیان بکەینە سەر، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە کارێک ناکات.''
 
ئەو لێکۆلینڤانە سەبارەت بە حیزبەکانی رۆژهەڵات ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان تەنیا بەشێک لە کێشەکەن و خەڵکی ''ناڕازی''ـی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کێشەی سەرەکی دەزانێت؛ دەشڵێت، ''لە ناڕەزایی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارە کوردییەکانی ئێران وەکو سەقز، بانە، مەریوان و مهاباد، بەپێچەوانەی شارەکانی دیکەی ئێران مانگرتن و ناڕەزایی بە شێوەی یەکپارچە بەڕێوەچوو، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە؛ ناڕەزایی لە نێو کورددا زۆر بەهێزترە، بۆیە هێرشکردنە سەر هەولێر و لەنێوبردنی ئۆپۆزیسیۆن و بنکەکانیان کێشەکە چارەسەر ناکات، ئەی ئەوکات لەگەڵ نزیکەی هەشت ملیۆن کوردی ناڕازی لە ئێران چی بکەین؟''
 
خۆپێشاندان و ناڕەزایێتییەکان لە ئێران بە درووشمی ''ژن، ژیان، ئازادی'' دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز دەستیانپێکرد کە لە 16-09-2022 لە تاران دوای ئەوەی سێ رۆژ پێشتر لە بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران تەندروستیی تێکچووبوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە