رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارەی لە ناوچەی گوهەرکوهی شاری تەفتان هێرشی کردە سەر هێزەکانی پۆلیس و بەهۆیەوە 10 پۆلیس کوژران، ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوژرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی تشرینی دووەم، سەعید مونتەزەر ئەلمەهدی، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، دوای هێرشەکەی شاری تەفتان کە تێیدا هێزەکانی پۆلیسی شارەکە کرانە ئامانج، یەکینەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری فەرماندەیی پۆلیس لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوامن.
سەعید مونتەزەر ئەلمەهدی گوتی، "لە ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی هێزەکانی سەر بە فەرماندەیی پۆلیس دا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، سەرکردەی تیرۆریستەکانی رووداوەکەی تەفتان کوژرا".
بە گوتەی مونتەزەر ئەلمەهدی، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 8 تیرۆریستی دیکە کە لە هێرشەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەشدار بوون و دەستیان لە کوشتنی هێزەکانماندا هەبووە، دەستگیر کران".
رۆژی شەممە، 26ـی تشرینی یەکەم، لە سنووری شاری تەفتانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران هێرشکرایە سەر یەکەیەکی پۆلیس و لە ئەنجامدا 10 کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە کوژران.
جەیشولعەدل، گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە، لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
شەوی یەکشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2024، قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رایگەیاند، "دوای هێرشەکەی ناوچەی گوهەرکوهی شاری تەفتان کە تێیدا هێزەکانی پۆلیسی شارەکە کرانە ئامانج و 10 پۆلیس شەهید کران، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا یەکەکانی ئۆپەراسیۆن و هەواڵگریی قەرارگەی سوپای قودسی هێزی زەوینی سوپای پاسداران بە بەشداریی هێزەکانی ئیتڵاعاتی سیستان و بەلووچستان و هێزەکانی پۆلیس، شوێنی خۆحەشاردانی تیرۆریستانیان دەستنیشان کرد، بە بەکارهێنانی درۆنی شەڕکەری هێزی زەوینیی سوپای پاسداران هێرشی کرایە سەر".
بەپێی قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چوار تیرۆریست کوژران، ژمارەیەکیان بریندار بوون و هەڵاتن و چوار کەسی دیکەشیان دەستگیر کران".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ