راوێژکاری رێبەری ئێران: سەپاندنی باڵاپۆشی سەپاندنی بیروباوەڕ نییە

03-04-2023
ژمارەیەک ژنی باڵاپۆش لە خۆپێشاندانێکدا لە ئێران
ژمارەیەک ژنی باڵاپۆش لە خۆپێشاندانێکدا لە ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ململانێ لەسەر باڵاپۆشی لە ناڕەزایەتییەکانی دوابەدوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە زۆر قوڵتر بووەتەوە. لەو کاتەوە ژمارەیەکی زۆری ژنان پابەندی ئەو شێوازە باڵاپۆشییە نین کەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران چوار دەیەیە هەوڵ دەدات ژنان پابەند بکات. هاوکات راوێژکارێکی رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، سەپاندنی باڵاپۆشی سەپاندنی بیروباوەڕ نییە.
 
پرسی باڵاپۆشی و شێوازی سەپاندنی، ئێستا لەنێو بەرپرسە جیاوازەکانی ئێراندا جۆرێک بەریەککەوتنی بۆچوونی دروستکردووە. لایەنە توندڕەوترەکان پێیان وایە دەبێت بەبێ هیچ نەرمینواندێک ژنان ناچار بکرێن پابەندی باڵاپۆشی بن. ئەحمەد راستینە، پەرلەمانتار دەڵێت: "دەبێت سزایەک دیاری بکەین بۆ ئەو کەسانەی پابەندی باڵاپۆشی نین، بۆ ئەوەی نەوێرن یاسا بشکێنن و دەبێت سەرپێچیکاران دەستبەجێ تێچووی سەرپێچییەکەیان بدەن." بەڵام هەندێکی دیکە باوەڕێکی دیکەیان هەیە. 
 
عەلیڕەزا پەناهیان، راوێژکاری رێبەری ئێران گوتی، "هەندێ کەس دەڵین، باڵاپۆشی پەیوەندی بە بیروباوەڕەوە هەیە و نابێت بیروباوەڕ داسەپێنرێت. بەڵێ! نابێت بیروباوەڕ بسەپێنرێت. ئەوانەی دەڵێن سەپاندنی بیروباوەڕە، درۆ دەکەن و دژبەرە سیاسییەکانیان بەدناو دەکەن."
 
شیوا قاسمی پوور، پەرلەمانتارێکی دیکەی ئێرانە، سەپاندنی باڵاپۆشی بەسەر ژناندا بە کارێکی ناشیست دەزانێت، بەڵام هەندێ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیان وایە حکومەت ئەرکی لەسەر شانە خەڵک ناچار بکات پابەندی رێوشێنە ئایینییەکان بن.
 
ئەحمەد خاتەمی، گوتاربێژی تاران باسی لەوە کرد، "هیچ کەس و بەرپرسێک لە حکومەتی ئیسلامیدا قبووڵی ناکات خەڵک ئازاد بن و هەر چییان پێخۆش بوو بیکەن، کەسیش پێیان نەڵێت چی بکەن و چی نەکەن، ئەرکی حکومەتە رێگە ئامادە بکات بۆ ئەوەی خەڵک بچنە بەهەشت."
 
هاوکات وەزارتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایانگەیاندووە، خزمەتگوزاری بەو خوێندکار و قوتابییانە نادەن کەوا پابەندی باڵاپۆشی نین.
 
هەڵسوکەوتی دەسەڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی باڵاپۆشی کۆمەڵگەی بەسەر دوو بەرەی دژ و لایەنگری باڵاپۆشیدا دابەش کردووە. کەسانێک خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن کێشە بۆ ئەو ژنانە دروست بکەن، کەوا پابەندی باڵا پۆشی نین، بۆئەوەش گوتەیەکی رێبەری ئێران بە بنەما دەگرن کە گوتبووی، "هەموو گەنجان و خەڵکی ئیماندار، لە بوارە جیاوازەکاندا هەر کارێک دەتوانن بیکەن بەپێی یاساکانی وڵات و بەژەوەندیی وڵات دەبێت بیکەن و نابیت چاوەڕێی کەس بن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە