ئێران

بەرپرسێکی رێگەوبانی تاران: پێکدادانەکە هێندە سەخت بووە، کە بووەتە هۆی گڕگرتنی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتۆچوودا لە رێگەی نێوان تاران - ساوە، 8 کەس گیانیان لەدەستدا.
گوتەبێژی فریاکەوتنی تاران رایگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ لە جووتسایدی غەدیری تاران بە ئاراستەی شاری ساوە بووە و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پیجۆ 405 و ساینا، پێکیانداداوە.
شروین تەبریزی، گوتەبێژی فریاکەوتنی تاران رایگەیاند، هەر دوو ئۆتۆمبێلەکە گڕیان گرتووە و بەو هۆیەوە هەموو سەرنشینانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی شروین تەبریزی، "لە رووداوەکەدا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دووانیان منداڵن".
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەهرووز خانپوور، بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی رێگەوبانی تاران رایگەیاند "بەهۆی سەرپێچی شۆفێری پیجۆ 405ـەکە بووە، چونکە بەخێراییەکی زۆر بەرەو ئاراستەی پێچەوانە سووڕاوەتەوە و، خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەدا کێشاوە".
بەهرووز خانپوور گوتی "پێکدادانەکە هێندە سەخت بووە، کە بووەتە هۆی گڕگرتنی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە".
بەپێی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، لە نەورۆزی 2024ـەوە تاوەکو کۆتایی کانوونی یەکەمی 2024، 14 هەزار و 945 کەس لەو وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و، 298 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ