ئێران: داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین رێگری لە هێرشەکانی ئەمریکا بکات

03-02-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ئامانجێکی عێراق و سووریا دەکات و دەڵێت، ''ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە کە جگە لە زیادبوونی گرژییەکان و ناسەقامگیریی زیاتری ناوچەکە، هیچ ئەنجامێکی نابێت".
 
رۆژی شەممە 03-02-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە، سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکای بۆسەر چەند ناوچەیەک لە عێراق و سووریا کرد و رایگەیاند، ''ئەم هێرشانە بە مانای پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی عێراق، سووریا و پێشێلکردنی مافی نێودەوڵەتیی وڵاتانیشە".
 
ناسر کەنعانی گوتی، ''هێرشەکەی ئەمریکا هەڵەیەکی ستراتیژیی دیکەی ئەو وڵاتەیە کە جگە لە زیادبوونی گرژییەکان و ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت".
 
شەوی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی "سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە تاران" لە عێراق و سووریا کە زیاتر لە 100 مووشەکیان تێگرتن کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، ئەمەش لە تۆڵەی هێرشە درۆنییەکەی رۆژی 28-1-2024 بوو کە کرایە سەر بنکەی تاوەر22 لە ئوردن و تێیدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران.
 
ناسر کەنعانی دەڵێت، ''ئەم هێرشانە دەبنە هۆی زیاتر تێوەگلانی ئەمریکا لە گرژیی ناوچەکەدا. ئەو کارە کاریگەری لەسەر زیاتربوونی تاوانەکانی رژێمی زایۆنیش لە غەززە دەبێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات، درێژەپێدانی هێرشەکان مەترسیی زیاتر دەخاتە سەر ئاشتەوایی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و داواش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کە ''رێگری لە هێرشە نایاسایی و یەکلایەنەکانی ئەمریکا بکرێت بۆ ئەوەی گرژییەکان زیاتر نەبن''.
 
بەگوتەی حکومەتی عێراق لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان، 16 کەس لە عێراق کوژراون و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
هاوکات وەزارەتی بەرگریی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای دێرەزوور لە سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچە و شار لە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنووری عێراق و سووریا''. بەگوتەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، زیاتر لە 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە سووریا کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە