رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێراندا زیاتر لە 82٪ـی هاووڵاتییانی پارێزگای خوراسانی باشوور دەنگیان بە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە داوە کە یەکێک بوو لە بەربژێرەکان.
بەپێی راپۆرتی میدیای سەر بە سوپای پاسداران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ جاری سێیەم لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران دەنگی هێنایەوە و لە ئەنجوومەنەکەدا بوو بە نوێنەری خەڵکی پارێزگای خوراسانی باشوور.
میدیای سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت، زیاتر لە 82٪ـی ئەو کەسانەی لە پارێزگاکە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کردووە، دەنگیان بە ئیبراهیم رەئیسی داوە.
تاوەکو ئێستا میدیا فەرمییەکانی ئێران باسیان لە ژمارەی دەنگەکانی ئیبراهیم رەئیسی نەکردووە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییدا ژمارەی دەنگەکانی سەرۆککۆماری ئێران، بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەم، 8٪ زیادیکردووە.
ئەمە سێیەم جارە ئیبراهیم رەئیسی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران هەڵدەبژێردرێت، واتە لە ساڵی 2007ـەوە لە ئەنجوومەنەکەدا ئەندامە و نوێنەری هاووڵاتییانی پارێزگای خوراسانی باشوورە کە لەم خولەشدا بۆ هەشت ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرایەوە.
رۆژی هەینی هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێران و خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 31 پارێزگەکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 60 هەزار بنکەی دەنگدان بەڕێوەچوو.
پەرلەمانی ئێران لە 290 کورسی پێکهاتووە و بۆ بەدەستهێنانی ئەو ژمارە کورسییە 15 هەزار و 200 کەس خۆیان بەربژێر کردبوو؛ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانیش 88 ئەندامی هەیە کە 144 کەس خۆیان بەربژێرکردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ