رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی کەشوهەوا و گۆڕانکارییەکانی ژینگەی ئێران دەڵێت، ساڵی رابردوو نزیکەی 21 هەزار کەس بەهۆی هەوای ناخاوێنەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە و ئاماژە بەوەش دەکات، پیسیی ژینگە 11 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار زیانی بەو وڵاتە گەیاندووە.
داریوش گوڵ عەلیزادە، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی کەشوهەوا و گۆڕانکارییەکانی ژینگەی ئێران رۆژی دووشەممە 02-01-2023 گوتی، ساڵی رابردوو لە 27 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی 35 ملیۆن کەسە، 21 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، چڕیی گەردەکانی هەوا لە تاراندا 10 هێندەی ئاستی ستانداردە و دەشڵێت، "لەو رۆژانەدا کە هەوا زۆر پیسە، دەبێت فەرمانبەران نەگەڕێنەوە سەر کار و لە ماڵەوە کارەکانیان بکەن."
هاوکات هەر ئەمڕۆ عابد مەلەکی، جێگری پارێزگاری تاران بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، بەپێی بڕیاری لیژنەی دۆخی نائاسایی کەشوهەوا، بەشێک لە فەرمانبەران کە بە پیسبوونی هەوا هەستیارن، ئەمڕۆ نەگەڕاونەتەوە سەر کار و لە ماڵەوە کار دەکەن.
چەند هەفتەیەکە حکومەت ناتوانێت گازی سرووشتیی پێویست دابین بکات و کارگەکان ناچار بوون بۆ بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان، نەوتی رەش بەکاربهێنن کە مادەیەکی پیسکەری ژینگەیە.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، پیسبوونی ژینگەی تاران بووەتە هۆی ئەوەی کە هەوا زۆر ناتەندروست بێت و پیسبوونی ژینگەی تاران 200 پلەی خراپتر لە ستانداردەکانە.
پیسبوونی ژینگە کاریگەریی خراپی لەسەر نەخۆشانی شێرپەنجە، کۆئەندامی هەناسەدان، منداڵان، بەساڵاچووان و ژنانی دووگیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ