رووداو دیجیتاڵ
کارگەیەکی پۆڵا لە پارێزگای یەزدی ئێران کرایەوە. کردنەوەی کارگەکە لە کاتێکدایە، وڵاتەکە لە هاوینی پارەوە رووبەڕووی کێشەی کەمیی کارەبا بووەتەوە و کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتە زیانمەندی سەرکیی بووە.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی کۆرتهێنانی کارەبا لە وڵاتەکە دەڵێت، "کاتێک ئێمە 90٪ـی بەرهەمهێنانی کارەبامان لە رێگەی گازەوە بێت، ئەوە مسۆگەرە کە تووشی کێشەی کورتهێنان دەبین. بەرهەمهێنانی کارەبامان لە رێگەی خەڵووزەوە نزیکە لە سفر، لە کاتێکدا لە جیهان 33٪ی کارەبا لە خەڵووز بەرهەم دێت. کەواتە کاتێک سەبەتەی وزەمان بەم شێوەیە بێت، چیتر ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین."
بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی ئێران دەڵێت، کۆمپانیای نیشتیمانی دابەشکردنی کارەبای ئەو وڵاتە 185 تریلیۆن تمەن زیانی بەرکەوتووە و زیاتر لە 200 تریلیۆن تمەنیش قەرزدارە. بۆیە بەو دۆخەی ئێستا ئەستەمە بەمزووانە کێشەی کارەبا چارەسەر ببێت.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بە هەمەجۆرکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا هەوڵ دەدەن کێشەکە چارەسەر بکەن. وڵاتەکە پلانی هەیە لە ماوەی چوار ساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر و با زیاد بکات و بگەیێنێتە 30 هەزار مێگاوات.
موجتەبا تەوانگەر، جێگری وەزیری وزەی ئێران بۆ کاروباری دارایی، یاسایی و پەرلەمان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا ئاماژە بەوە دەدات، "ئەمڕۆ یەکێک لە جەختکردنەوە جیدییەکان لەم بوارەدا، هەمەچەشنکردنی بەرهەمهێنانی وزەیە لە وڵاتدا لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە، بە تایبەت لە رێگەی وزەی خۆرەوە. بەهاوکاری سەرچاوە دراوییەکان و سەرچاوە نەوتییەکانی وڵات، هەنگاو نراوە بۆ دروستکردنی پانێڵی خۆر و گواستنەوەی زانیاری تەکنیکی لەو بوارەدا."
بەشێک لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ئێران پێیانوایە، هۆکاری کورتهێنانی کارەبا لەو وڵاتە زیاد بەکارهێنانی کارەبایە لە لایەن خەڵکەوە، بەڵام بەشێکی دیکە کێشەکە بۆ خراپی بەڕێوەبردن دەگەڕێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ