رووداو دیجیتاڵ
دیدارێکی بەرفراوانی حیزبە ئیسلامییەکان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت. ئەندامێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دیدارەکەدا دەڵێت، ''ئامانجمان لە بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە، ناساندنی پرسی کوردە.''
ئەمڕۆ شەممە، 30-09-2023، دیدارێکی بەرفراوانی حیزبە ئیسلامییەکانی وڵاتان لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا بەڕێوەدەچێت و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش وەکو حیزبێکی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدارە.
بەپێی زانیارییەکانی راوین ستێرک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئیستەنبووڵ، حیزبە ئیسلامییەکان لە 26 وڵاتەوە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن و سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستانیش ئامادەیە.
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، کە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکەیە، بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو حیزبە سیاسییانەی کە بڕوایان بە کاری یاسایی و دیموکراسی هەیە و لە وڵاتی خۆیان تۆمارکراون، بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵێک بابەت کۆدەبنەوە و لەلایەن ئەنجوومەنێکەوە سەرپەرشتیی کۆنفرانسەکە دەکرێت.
موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، ''هەوڵ دەدەین لە کۆنفرانسەکەدا لە بوارەکانی یاسایی، پەرلەمانی، کاروباری ژنان، گەنجان، کاری میدیایی و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، سوود لە ئەزموونی یەکدی وەربگرین و وێنایەکی جوان لە رەوتی ئیسلامی دیموکراتی بدەینە جیهان".
ئەو ئەندامەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی، گرنگی ئەو دیدارە بۆ یەکگرتووی ئیسلامی ناساندنی کێشەی نەتەوەی کوردە ''بۆ ئەوەی شوناسی نەتەوەی کورد وەکو نەتەوەیەکی گرنگی جیهانی ئیسلامی، هەموو کات ئامادە بێت.''
بەگوتەی موسەننا ئەمین، لە ساڵی 2017ـەوە چەندین جار لە نێوان حیزبە ئیسلامییەکان، دیداری تایبەت بۆ باسکردنی پرسی کورد هەبووە و گوتی، ''دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان، دیدارێکی تایبەت کرا کە یەکێک لە بڕگەکانی باسی گشتپرسی و مافی گەلی کوردستان بوو لە چارەی خۆنووسین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ