رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی رایدەگەیێنێت، کاروانێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
رۆژی هەینی، 29ـی کانوونی یەکەمی 2023، تۆم وایت، بەڕێوەبەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی UNRWA لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "سەربازانی ئیسرائیلی تەقەیان لە کاروانێکی هاوکارییەکان کردووە کاتێک لە باکووری غەززە گەڕاوەتەوە."
رووداوەکە، بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوەکە نەداوە.
بەڕێوەبەری ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "سەرۆکی تیمی هاوکارییەکان و کارمەندەکانی دیکەی کە لەگەڵ کاروانەکەدا بوون، سەلامەتن، بەڵام زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە."
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندینجار رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سیڤیل، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج.
نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە "بە هەڕەمەکی" بۆردوومانی غەززە دەکات و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە 100 رۆژنامەڤان و 270 کارمەندی تەندروستیی غەززە و 134 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بکوژرێن.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کردووە حەماس و ئیسرائیل ئاگربەست رابگەیێنن، ئەوە لەکاتێکدایە، رێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی فەلەستینییەکان رووبەڕووی برسێتیی تەواوەتی بوونەتەوە.
دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، زیاتر 21 هەزار 110 فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ