سوپای ئەمریکا: درۆنێک و مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانمان خستە خوارەوە

29-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی درۆنێک و مووشەکێکی بالیستی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاڕاستە کراون. 
 
رۆژی هەینی، 29ـی کانوونی یەکەمی 2023، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کەشتی The USS Mason درۆنێک و مووشەکێکی بالیستیی دژە کەشتییان لە باشووری دەریای سوور خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاڕاستە کرابوو".
 
سێنتکۆم گوتیشی: "هیچ کەشتییەکی دەریای سوور زیانی پێنەگەیشتووە و هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە".
 
بەگوێرەی سوپای ئەمریکا، لە 19ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەوە 22ـەمین هێرشە کە لەلایەن حووسییەکانەوە دەکرێتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور. 
 
رۆژی 19ـی ئەم مانگە، ئەمریکا هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور دژی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان راگەیاند.
 
حووسییەکان کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دەستپێکردووە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
 
یەکەم هێرشی دەریایی حووسییەکان دوای شەڕی غەززە، رۆژی 19-11-2023 بوو، کاتێک بە هێلیکۆپتەر هێرشیانکردە سەر کەشتییەک بە ناوی "گالاکسی لیدەر" و، بە 25 کارمەندەوە رفاندنیان.
 
دوایین هێرشیشیان لە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بوو کاتێک حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر دوو کەشتیی سەر بە قەوارەی زایۆنی ئەنجام دا".
 
رۆژی 15-12-2023 دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە."
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرگری" دەزانن.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە