سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: بەبێ دوودڵی شەڕ دەستپێدەکاتەوە

29-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس "بەبێ دوودڵی" شەڕ لە دژی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین دەستپێدەکاتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "ئامانجی ئێمە لە شەڕەکە ئەوەیە کۆتایی بە فەرمانڕەوایەتیی حەماس لە غەززە بهێنین و بارمتەکان ئازاد بکەین و لەوەش دڵنیابینەوە کە حەماس جارێکی دیکە نابێتە هەڕەشە بۆ ئیسرائیل."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "لە چەند رۆژی رابردوودا گوێمان لەو پرسیارە بووە دەربارەی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەدوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە؛ وەڵامی من بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە: بەبێ دوودڵی بەڵێ، ئێمە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بە شەڕەکە ناهێنین تاوەکو کۆتایی."
 
بە گوتەی نەتەنیاهوو، ئەوە سیاسەتی ئەوە و "هەموو کابینە و حکومەت پاڵپشتیی دەکات، هەموو سەربازەکان پاڵپشتیی دەکەن و هەموو خەڵکیش پشتگیریی دەکات، ئەوە رێک ئەو شتەیە، کە ئێمە دەیکەین."
 
رۆژی 24-11-2023 رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و بە گشتی لە پێنج کارواندا لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، تاوەکو ئێستا حەماس 81 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ئازاد کردوون؛ لە بەرامبەردا ئیسرائیل 180 بەندکراوی فەلەستینیی ئازاد کردووە.
 
حکومەتی ئیسرائیلیش ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا 161 بارمتە لەژێر دەستی حەماسدا ماون، کە 15 هاووڵاتیی بیانین و چوار لە بارمتەکانیش منداڵن.
 
لە 7ی ئۆکتۆبەر حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشنەکانی نزیک کەرتی غەززە؛ لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی دژی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی کەرتی غەززە راگەیاند و هێرشی زەوینیی کردە سەر کەرتی غەززە.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 15 هەزار کەس لە غەززە، کە زۆربەیان هاووڵاتی سیڤیلن بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە