prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، دوو بارمتەیان ئازاد کردووە، کە هەڵگری رەگەزنامەی رووسیان، ئەمەش دوای ئەوەی کەسوکارەکانیان داوایان لە سەرۆکی رووسیا کردبوو کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بکات.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دوای هەوڵەکانی سەرۆکی رووسیا، دوو ژنە رووسی رادەستی رێکخراوی خاچی سوور کراون".
تاوەکو ئێستا روون نییە، کە ئەو بارمتە ئازادکراوانە وڵاتینامەی ئیسرائیلیشیان هەیە یان نا.
هەفتەی رابردوو، کەسوکاری ئەو بارمتە رووسی – ئیسرائیلییانەی حەماس گرتوونی سەردانی مۆسکۆیان کرد و داوایان لە بەرپرسانی کرێملن کرد، هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بخاتەگەڕ.
ڤیدیۆی گەیشتنی دوو بارمتەی رووسی بە دەروازەی رەفەح دوای ئازادکردنیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی غەززە "لەسەر داوای بەرپرسانی رووسیا" pic.twitter.com/biM7qTCDu2
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 29, 2023
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل، حەوت هاووڵاتی هەڵگری رەگەزنامەی رووسی لەنێو ئەو 240 بارمتانەدا بوون، کە حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر بەرەو غەززە رفاندوونی.
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و بە گشتی لە پێنج کارواندا لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، تاوەکو ئێستا حەماس 81 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 180 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.
حکومەتی ئیسرائیلیش ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا 161 بارمتە لەژێر دەستی حەماسدا ماون کە 15یان بیانین و چوار لە بارمتەکانیش منداڵن.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیکردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی دژی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی کەرتی غەززە راگەیاند و هێرشی زەمینی کردە سەر کەرتەکە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 15 هەزار کەس لە غەززە کە زۆربەیان هاووڵاتی سیڤیلن بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ