پێنتاگۆن: لە 10 رۆژدا 20 جار لە عێراق و سووریا هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان

28-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
  
رووداو دیجیتاڵ  

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە رۆژانی نێوان 17 و 27ـی ئەم مانگەدا 20 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە هێزەکانی ئەمریکا لە 26ـی ئەم مانگەدا لە سووریا دوو کۆگەی چەک و تەقەمەنیی سوپای پاسداران و هێزە نزیکەکانیان کردووەتە ئامانج. 
 
رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەو هێرشانە کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە عێراق و سووریا کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و گوتی، لە 17 تاوەکو 27ـی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لانیکەم 14 جار لە عێراق هێرشیان کراوەتە سەر و لە سووریاش شەش جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و رۆکێت هێرشکراوەتە سەریان، واتە بەگشتی 20 هێرش کراون و زۆربەی هێرشەکانیش لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە شکستیان پێهێندراوە.
 
پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دوو لەو هێرشانەی کە بە درۆن کراونەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق و بنکەی تەنەف لە سووریا 21 پێرسۆنێلی ئەمریکی برینداربوون. 
 
هەر لەو راگەیێندراوەیدا، پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کۆگەی چەک و تەقەنیی هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی نزیک لێیان و دەشڵێت، "فڕۆکە جەنگییە سەربازییە ئێف 16 و ئێف 15ـەکانی ئەمریکا لە 26ـی تشرینی یەکەمدا چەند هێرشێکی بەرگریکارانەیان کردە سەر کۆگەی چەک و تەقەمەنی لە ناوچەی ئەبوکەمال لە سووریا کە لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپەکانی نزیک لە سوپای پاسداران بەکاردەهێندران و هەردوو کۆگەکە لەنێوبران".
 
هێرشکردنە سەر هێزەکانی نزیک لە ئێران، بەگوتەی پێنتاگۆن، پەیوەندی بە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززەوە نییە و دەڵێت، "ئەو هێرشانە ئامانج لێیان بەرگریکردنە و بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کراون و جیاوازن لەو ململانێیەی نێوان ئیسرائیل و حەماس و گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس دروستناکەن".
 
لە کۆتایی ساڵی 2021دا عێراق رایگەیاند، ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتاییهاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕدراوە بۆ راوێژپێدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە