عێراق 130 سزادراو رادەستی ئێران دەکاتەوە

28-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

130 سزادراوی ئێرانی لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە نێردرانەوە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان؛ جێگری وەزیری دادی ئێران دەڵێت: ''گەڕاندنەوەیان لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی گۆڕینەوەی زیندانییانی نێوان هەردوو وڵاتە.''
 
دوێنێ پێنجشەممە، 27-02-2025، لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە، 130 سزادراوی ئێرانی کە لە زیندانەکانی عێراقدا بوون، گەیشتنەوە چاکسازییەکانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
عەسکەر جەلالیان، جێگری وەزیری دادی ئێران بۆ مافی مرۆڤ و کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، گەڕانەوەی سزادراوان لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی بەغدا و تارانە، بۆ گۆڕینەوە زیندانییانی نێوان هەردوو وڵات.
 
بەگوتەی عەسکەر جەلالیان، ئەوە هەشتەم گروپی سزادراوانی ئێرانییە کە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا دەگەڕێندرێنەوە ئێران.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو 130 سزادراوە، 121ـیان پیاو و 9ـیان ژنن. 
 
جێگری وەزیری دادی ئێران بۆ مافی مرۆڤ و کاروباری نێودەوڵەتی، گوتی: ''زیندانییە گەڕێندراوەکان بە تۆمەتی جۆراوجۆر سزادراون و لەمەودوا  سزای بەندکردنەکەیان لە چاکسازییەکانی خۆماندا تێپەڕ دەکەن.'' 
 
عەسکەر جەلالیان تەنیا ئاماژەی بەوە گەڕاندنەوەی بەندکراوان لە عێراق داوە و باسی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانی نەکردووە، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستانیشەوە، نزیکەی 25 کەس لە بەندکراوانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی بۆ گەڕاندنەوەیان مانیان لە خواردن گرتبوو و نزیکەی 10 رۆژ بەردەوام بوون.
 
ئەوکات ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە بە رووداوی گوتبوو، "ناوی تەواوی ئەو سزادراوانەمان داوەتە بەرپرسانی ئێران، ئەوان لەسەر هێڵن بۆ چارەکردنی کێشە یاساییەکان، کە ئەو سزادراوانە سزای پێبژاردنیشیان لەسەرە، کۆنسووڵی ئێران گوتی لە دوو هەفتەدا کێشەکانیان چارەسەر دەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە