سوپای ئیسرائیل: 9 سەربازمان بەهۆی هێرشێکی حیزبوڵڵای لوبنانیەوە بریندار بوون

27-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، حیزبوڵڵای لوبنانی بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر سوپای ئیسرائیل و بەهۆیەوە نۆ سەربازی ئیسرائیلی بریندار بوون و برینی یەکێکیان قورسە.
 
رۆژی سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، سوپای ئیسرائیل ویستوویانە لە باکووری وڵاتەکە هاووڵاتییەکی سیڤیلی ئیسرائیلی رزگار بکەن کە بەهۆی مووشەکەکانی حیزبوڵڵاوە بریندار ببوو، لەوکاتەدا چەکدارانی حیزبوڵڵا بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئیسرائیل. 
 
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، ئەو مووشەکەی لەلایەن حیزبووڵلاوە ئاراستە کراوە بەر کەنیسەیەک کەوتووە لە گوندی ئیقرات لە باکووری ئیسرائیل. 
 
سوپای ئیسرائیل حیزبووڵلای بەوە تۆمەتبار کرد کە بەردەوام "هێرش دەکاتە سەر ناوچە سیڤیل نشینەکان و شوێنە ئاینییەکانی ئیسرائیل."
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر، سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی جار جار مووشەک ئاراستەی یەکدی دەکەن. 
 
تاوەکو ئێستا 150 کەس لە لوبنان بەهۆی مووشەکەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. 
 
رۆژی 3-11-2023، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ یەکەمجار لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەرکەوت و رایگەیاند، "هیچ شەڕێک وەک شەڕ لە دژی زایۆنییەکان شەرعی تر نییە و ئێمە هەر لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە چووینەتە نێو شەڕەکەوە". گوتیشی، مانگێکە ئیسرائیل "هیچ دەستکەوتێکی سەربازی" نەبووە.
 
زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلی لە 105 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان نیشتەجێبوون و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگەکە لە حەوتی ئۆکتۆبەر ناچار بوون ناوچەکانیان بەجێبهێڵن. 
 
دوو مانگ و نیوە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە. شەڕەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایینی"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، زیاتر 20 هەزار 915 فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە