ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە

27-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی قەتەر رایدەگەیێنن، ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند: "قەتەر وەکو وڵاتێکی نێوەندگیر رایدەگەیێنێت، کە گەیشتووینەتە رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە".
 
هاوکات، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا درێژکردنەوەی ئاگربەستەی راگەیاند و گوتی: "لەگەڵ برایانمان لە قەتەر و میسر گەیشتووینەتە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی شەڕەکە بەهەمان مەرجی ئاگربەستی پێشوو بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە رابگیرێت".
 
تاوەکو ئێستا نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە بڵاونەکراوەتەوە و نازاندرێت لەبەرامبەر راگەیاندنی ئاگربەستەکە چەند بارمتەی ئیسرائیلی و چەند بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.
 
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و لە کۆمەڵەی یەکەمدا حەماس 24 بارمتەی ئازادکرد و ئیسرائیلیش 39 بەندکراو. دوێنێ (یەکشەممە) کۆمەڵەی سێیەمی بارمتە و بەندکراوەکان ئاڵوگۆڕکران.
 
درەنگیی شەوی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس دووەم کاروانی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکانیان ئازادکرد کە 17 کەس بوون. بەمجۆرە، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان گەیشتە 41 کەس. ئیسرائیلیش لە کۆمەڵەی دووەمدا دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد.
 
بە گشتی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە، تاوەکو ئێستا حەماس 58 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 150 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.
 
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
 
لە بەرامبەر ئەو هێرشە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، نزیکەی 16 هەزار فەلەستینی کوژراون.
 
بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئەوەیە بڕیارە ئیسرائیل رێگەبدات هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەنە غەززە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران و ئەمریکا.

گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچن

ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچن، ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئەمریکی لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە نیگەرانن.