رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە بەشداریی سوپا و پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکان هێرشێکی زەوینی کورتخایەنیان کردووەتە سەر غەززە و بەگوتەی خۆشیان هێرشەکە ئامادەکاری بووە بۆ هێرشێکی زەوینیی بەرفراوان بۆ سەر کەرتەکە.
رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر نێوەڕاستی غەززە".
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە، هێرشەکە وەکو ئامادەکارییەک بووە بۆ هێرشی زەوینی فراوان بۆ سەر کەرتی غەززە.
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت: "فڕۆکە جەنگییەکانی بەرگریی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی رێکخراوی حەماسی تیرۆریستییان کردووەتە ئامانج لە ناوچەی شوجەیە و تەواوی کەرتی غەززە".
لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا ئەوە دووەم جارە ئیسرائیل هێرشی زەوینی دەکاتە سەر کەرتی غەززە، دوێنێش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بە تانک چوونەتە نێو غەززە و بنکەیەکی چەکدارانی فەلەستینییان کردووەتە ئامانج.
هەفتەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "هێزەکانی سوپا خۆیان بۆ هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە ئامادە دەکەن." لە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ ئاماژەیەک بە کات و چۆنییەتی ئەو هێرشە نەکراوە.
سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی باکووری غەززە کردووە، ماڵەکانیان بەرەو باشوور بەجێبهێڵن و بەردەوامیشە لە تۆپبارانکردنی کەرتەکە بەچڕی.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتی لە کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامیی تۆپبارانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون و روویان لە 150 پەناگەی دروستکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتەکە کردووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چەندین لێدواندا ئاماژەی بەوە داوە، حەماس لەنێودەبات بۆ ئەوەی چیدیکە نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵک و خاکی ژێردەستی ئیسرائیل، لەلایەکی دیکەوە گوشار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی خەڵکی سڤیل؛ وڵاتان داوا لە ئیسرائیل دەکەن بۆردوومانی ئەو ناوچانە نەکات کە خەڵکی سڤیل و ئاوارەی لێیە.
رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند. لانیکەم تائێستا هەزار و 400 ئیسرائیلی و زیاتر لە 7 هەزار فەلەستینی کوژراون و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 220 بارمتە لەلای حەماسن لە غەززە،
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ