ئیسرائیل ژمارەیەک پێگەی سەربازی لە سووریا دەکاتە ئامانج

26-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە باشووری سووریا.
 
رۆژی چوارشەممە 26ی شوباتی 2025 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە باشووری سووریا. لەنێو ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، نێوەندی فەرماندەیی و چەند شوێنێک هەن کە چەکیان تێدا هەڵگیراوە."
 
لەبارەی هێرشەکەوە سوپای ئیسرائیل زیاتر دەڵێت، "بوونی هێزی سەربازی و تواناکانیان لە باشووری سووریا، هەڕەشە دەخاتە سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل. هێزی بەرگریی ئیسرائیل بەردەوامە لە چالاکییەکانی، بۆئەوەی رێگە لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هاووڵاتییانی دەوڵەتی ئیسرائیل بگرێت."
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا شوێنی هێرشەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایدەگەیێنن، لە هێرشەکەدا دوو بارەگای سەربازی لە باشووری رۆژئاوای دیمەشق کراونەتە ئامانج.
 
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، پێگەیەکی دیکەی سەربازی لە پارێزگای دەرعا کراوەتە ئامانج.
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لانیکەم دوو کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
هێرشەکە دوای ئەوە هات، رۆژی 23ی ئەم مانگە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دەبێت باشووری سووریا بە تەواوەتی لە چەک دابماڵدرێت و هۆشداریی دا لەوەی ئەوان رێگە بە بوونی هێزی سەربازیی دەسەڵاتی نوێی سووریا لە نزیک سنوورەکانیان نادەن.
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. رۆژی دواتر، سوپای ئیسرائیل چووە نێو خاکی سووریا و بەشێکی باشووری وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، مانەوەیان لە باشووری سووریا بۆ پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی گۆلان و هاووڵاتییانیانە لە باکووری ئیسرائیل. ئاماژە بەوەش دەکەن، رووبەڕووی هەر گرووپێکی چەکدار دەبنەوە بییەوێت ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات.
 
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ لە ساڵی 2011 لە سووریا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە.
 
دوای رووخانی بەشار ئەسەدیش، ئیسرائیل سەدان هێرشی دیکەی ئاسمانیی کردنە سەر چەک و جبەخانەکانی سوپای پێشووی سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای وڵاتانی ئێران و ئەمریکا

ئێران دەڵێت گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا "زەحمەت بەڵام سوودبەخش" بوون

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندی ئەمریکی لە عوممان "زەحمەت، بەڵام سوودبەخش بوون." بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت، دانوستاندنەکان "هیوابەخش" بوون.