رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئێران رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل "باجی کوشتن"ی فەرماندە باڵاکەی سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا بدات.
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران راگەیێندراوێکی لەسەر کوژرانی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە سووریا بڵاوکردەوە و گوتی: "بێگومان ئەو کارە نیشانەیەکی دیکەی بێزراویی و بێدەسەڵاتیی رژێمی زایۆنییە [ئیسرائیل] لە ناوچەکە".
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: "بەدڵنییایەوە دەبێت ئیسرائیل باجی ئەو تاوانەی بدات".
رۆژی دووشەممە 25-12-2023 سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی رەزی مووسەوی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "سەرتیپ رەزی مووسەوی لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی رژێمی زایۆنی گیانی لەدەستداوە". پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات و دەڵێت؛ "بە دڵنیاییەوە رژێمی زایۆنی باجی ئەو تاوانەی دەدات".
هاوکات، میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت: "رەزا موسەوی یەکێک بوو لە راوێژکارە بە ئەزموونەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران. ماوەیەکی زۆرە وەکو راوێژکاری سەربازی لە سووریا کار دەکات، بەڵام بەهۆی هێرشی رژێمی زایۆنی بۆ ناوچەی زەینەبیە لە دیمەشق" کوژراوە.
ماڵپەڕی فەرمی سوپای پاسدارانیش وێنەیەکی ئەو فەرماندە کوژراوەی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "هاوڕێیەکی نزیکی قاسم سلێمانی" فەرماندەی پێسووی فەیلەقی قودس بووە.
میدیاکانی ئێران باسیان لەوە نەکردووە لە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق چەند کەسی دیکە بوونەتە قوربانی و تەنیا کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی فەیلەقی قودسیان بڵاوکردووەتەوە.
تائێستا بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەسەر هێرشەکە نەداوە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام ئاماژەیان بەوە کردووە، کە رێگە بە ئێران نادەن بوونی هێزەکانی لە سووریا فراوانتر بکات.
لەوەتەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەکانی هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا وەکو حیزبووڵڵای لوبنانی و سوپای سووریا.
لە 2-12-2023 سوپای پاسدارانی ئێران ئیسرائیلی بە کوشتنی دوو ئەندامی لە سووریا تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دوو ئەندامەی سوپای پاسداران بە ئەرکی "راوێژکاری" لە سووریا بوون.
ئێران هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە "سەرکەوتن" ناودەبات، بەڵام هەر جۆرە تیوەگلانێکی راستەوخۆی خۆی لە هێرشەکە رەتدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ