رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، ئەمریکا بەرپرسیارە لە بەردەوامیی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و رانەگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی نێوان هەردوولا.
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "گەورەترین تاوانبار لە ماوەی دوو مانگی رابردووی شەڕ حکومەتی ئەمریکایە، کە بەشێکە لە تاوانباری جەنگ و بەرپرسیاری یەکەم و کۆتایی دەستپێکردنی شەڕەکەشە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووبارە هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لە تێوەگلانی وڵاتەکەی لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەن.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە، ئیسرائیل ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت هێرشەکەی سەر ئیسرائیل بووە و هێرشەکە بە ئاگاداری ئێران بووە.
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر دەستپێکرد، هەر لە سەرەتای هێرشەکەوە ئێران پشتیوانی خۆی بۆ حەماس دەربڕی، بەڵام بە فەرمی رایگەیاند، لە پشت ئەو هێرشەوە نەبووە.
رۆژی 10-10-2023 دوای تەنیا سێ رۆژ لە شەڕەکە، عەلی بەرەکە، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، هێرشەکەی سەر ئیسرائیل لەلایەن سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە پلانی بۆ داندرابوو و هیچ لە هاوپەیمانە نزیکەکانی حەماس ئاگاداری هێرشەکە نەبوون.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ 4 رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 1ـی کانوونی یەکەم، دوای ئەوەی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتاییهات، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە.
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، زیاتر 20 هەزار 674 فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ