رووداو دیجیتاڵ
پارتی لیکود کە لەلایەن ەوە سەرکردایەتیی دەکرێت لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بنیامین نەتەنیاهوو بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی کەرتی غەززەی کردووە و لەوێوە "بەڵێنی داوە، هێرشەکانی سەر غەززە چڕتڕ بکاتەوە."
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، پارتی لیکود، کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل هەیە و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە سەرکردایەتی دەکرێت، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە غەززەوە بەڵێنی چرکردنەوەی هێرشەکانی سەر غەززەی داوە.
لە راگەیێندراوەکەی پارتی لیکود دا هاتووە: "ئەو [نەتەهیاهوو] تازە لە غەززە گەڕاوەتەوە. ئێمە ناوەستین، ئێمە لە شەڕکردن بەردەوام دەبین و لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشەکانمان چڕتر دەکەینەوە".
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، بنیامین نەتەنیاهوو بەڵێنی دا، حەماس بەتەواوەتی لەنێو دەبەن و هەموو بارمتەکانی کە حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر بردوونی، ئازاد دەکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، میسر لە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانێکی فراوانە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکان، کە خۆی لە سێ قۆناخ دەبینێتەوە و بەگوێرەی پلانەکە، شەڕەکە دەوەستێندرێت و بارمتەکان و زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکرێن و حکومەتێک لە کەسانی فەلەستینی خاوەن ئەزموون لە غەززە دروست دەکرێت.
بەڵام میدیای ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، هەریەک لە بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەستپێشخەرییەکەی میسریان رەتکردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو خاڵەی باس دەستهەڵگرتن لە دەسەڵاتدارێتی غەززە دەکەن، بەرامبەر بە راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەن.
دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، زیاتر 20 هەزار 674 فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ