رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی غەززە نوێترین ئاماری لەبارەی ژمارەی کوژراوانی سڤیلی لە کەرتی غەززە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، زیاتر لە 20 هەزار 600 هاووڵاتی فەلەستینی لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، تەندروستیی غەززە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە: "تاوەکو ئێستا کوژرانی 20 هەزار 674 کەسمان لە شەڕەکەدا تۆمار کردووە، دوو لەسەر سێی کوژراوان ژن و منداڵن". هەروەها 54 هەزار و 536 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوونە.
دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لەماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕەکەوە نزیکەی حەوت هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ