ئەمڕۆ حەماس 14 بارمتە و ئیسرائیل 42 بەندکراو ئازاد دەکەن

25-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ئەمڕۆ حەماس 14 بارمتە و ئیسرائیلیش 42 زیندانی ئازاد دەکات.
 
رۆژی شەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەرپرسانی ئەمنی خەریکی پێداچوونەوە بە لیستی ناوی ئەو کەسانەن کە بڕیارە حەماس ئازادیان بکات".
 
هاوکات، چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئەوەیان راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 42 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن و لە بەرامبەریشدا حەماس 14 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکات.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 24-11-2023، حەماس یەکەم گرووپی بارمتەی ئازادکرد کە 24 کەس بوون؛ 13یان ئیسرائیلی، 10یان تایلاندی و ئەوی دیکەیان فلیپینی بوو؛ هەروەها ئیسرائیل 39 ژن و منداڵی فەلەستینی ئازادکرد.
 
ئەوە یەکەمین رێککەوتنی لەو جۆرە بوو لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بکرێت، دوای ئەوەی کە 7ی تشرینی یەکەم جەنگی نێوانیان دەستیپێکرد.
 
ئاگربەستەکە هەروەها دەرچەیەک بوو بۆ گەیشتنی ئاو، خۆراک، دەرمان و پێداویستی زستانەی زیاتر بە خەڵکی غەززە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، 137 بارهەڵگری یارمەتیی مرۆیی لە دەروازەی رەفەحەوە چوونە نێو غەززە.
 
رۆژی 23-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "پابەندین بە رزگارکردنی هەموو بارمتەکان، بەڵام بەردەوامیش دەبین لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکانمان کە بریتییە لە لەنێوبردنی هەمیشەیی حەماس. ئەگەر حەماس لەنێو نەبرێت ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەب هەرگیز سەرناگرێت".
 
ئەمڕۆ شەممە، دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی ناوەستێت تاوەکو هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "جەنگی ئێمە دژی حەماسە، نەوەک خەڵکی غەززە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە